درەنگی شەو خۆراك مەخۆ

درەنگی شەو خۆراك مەخۆ
خواردنی ژەمێك لە درەنگی شەودا لەو كاتەدا گرفتی تەندروستی بەدواوەیە كە ئەم ژەمە دەبێتە ژەمی چوارەمی خۆراك. بۆ زۆر كەسیش خواردن لە درەنگ شەو بووە بە بەرنامەیەكی شەوانە بەتایبەتی لەكاتی دانیشتن بەرانبەر بە تەلەڤزیۆن یان بەرانبەر ئینتەرنێت. هەندێك كەس نزیكەی 25-50%ی پێویستی وزەی ڕۆژانەیان لە ڕێگای خواردنی درەنگی شەودا دابین دەكەن، ئەمەش ئێستا لە نێوەندە پزیشكییەكاندا بە دیاردەی خواردنی شەو Night-eating syndrome ناسراوە. ئەو كەسانە لەوانەیە كە دوچاری خەمۆكی ببنەوە، هەروەها قەڵەوی و لاوازبوونی باوەڕ بەخۆبوون. بە هەرحاڵ، ئەگەر نەتوانیت كە واز لە خواردنی درەنگی شەوان بێنیت، با خۆراكەت تەندروستییانە بێت، كەم چەور و كەم شیرین، هەروەها با ماوەی نێوان خواردن و نووستنت لە دوو كاتژمێر كەمتر نەبێت، چونكە نووستن ڕاستەوخۆ لەپاش ژەمێكی خۆراك لەوانەیە كە دوچاری چەندین كێشەی تەندروستیت بكاتەوە لەمانە: زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، بینینی خەونی ناخۆش(كابوس Nightmare)، دڵەكزێ و ناڕحەتی لە گەدە و ناوچەی سكدا، قۆڕی ناوپەنچك Hiatus hernia، هەروەها ئەگەر لەبەر هەر هۆكارێك لە خەو هەڵسیتەوە هەست بە بێهێزی و لەش داهزران و هەست بە جۆرێك پەستی یان ناڕحەتی دەروونی دەكەیت كە پێی دەووترێت پەستی نووستن. ئەم مەسەلەیە زۆر گرنگە بۆ قەڵەوەكان و تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە، لەگەڵ دكتۆری خۆت هاوكار بە بۆ وازهێنان لە خواردنی درەنگی شەوان.
Top