نەخۆشانی رەبو چۆن وەرزش بكەن؟

نەخۆشانی رەبو چۆن وەرزش بكەن؟
نزیكەی هەموو نەخۆشانی رەبو Asthma لەكاتی وەرزشكردندا جۆرێك گرفتیان دەبێت، هەندێك نەخۆشانی رەبو تەنیا لەگەڵ وەرزشدا نیشانەكانیان دەردەكەون. ئەو نیشانانەی كە دەردەكەون بریتین لە: كۆكە، توندبوونی سینگ و ویزە لەگەڵ هەناسەوەرگرتن و هەناسەدانەوەدا، هەناسەتەنگی كە جیاوازە لەگەڵ ئەو جۆرە هەناسەڕاوكێیەی كە لە مرۆڤی ئاساییدا لەگەڵ وەرزشكردن دەستپێدەكات، بەڵام لەگەڵ پشوو و حەسانەوەدا نامێنێت، هەناسەتەنگی نەخۆشانی رەبو لەكاتی وەرزشدا دەستپێدەكات و لەپاش وەرزشكردن و حەسانەوە خراپتر دەبێت. ئەم نیشانانە زیاتر لەپاش راگرتنی وەرزش ئینجا دەستپێدەكەن بەتایبەتی 5 خولەك لەپاش حەسانەوەدا، ئینجا بە گشتی ویزە و توندبوونی سینگ بەرە بەرە كەم دەبنەوە لە ماوەی 10- 30 خولەكدا بە بێ وەرگرتنی هیچ چارەسەرێكی رەبو، نەمانی هەموو نیشانەكان بە تەواوی لەوانەیە كە كاتێكی زۆرتری بوێت. هەندێك جار نیشانەی توندتر لەگەڵ وەرزشدا سەرهەڵدەدەن كە وا لە تووشبوو دەكات كە وەرزشەكە یەكسەر رابگرێت. بە تێكڕایی ئەو نەخۆشانەی رەبو كە بە تەواوی كۆنترۆلی حاڵەتەكەی خۆیان نەكردووە، سەختی زۆر دەبینن لەكاتی وەرزشكردن و هەتا لەكاتی جوولەیەكی سادەشدا. رێنمایی بریتییە لە بەكارهێنانی بەخاخی رەبو Inhaler وەكو بەخاخی ڤێنتۆلین راستەوخۆ بەر لە دەستپێكی وەرزش یان بەكارهێنانی دەنكی دژی هەناسەتەنگی وەكو دەنكی ڤێنتۆلین، هەروەها هەڵبژاردنی جۆری وەرزش بە پێی سووكی و توندی رەبو و نیشانەكان بۆ نموونە مەلەی سووك، لەگەڵ حیسایكردن بۆ وەرز، چونكە زۆر لە حاڵەتەكانی رەبو لە كاتێكی ساڵدا نیشانەكانیان زیاتر دەبێت بۆ نموونە لە كەشی زۆر سارد و كەشی تۆزاویدا.
Top