موودەردان و نەزۆكی

موودەردان و نەزۆكی
موودەردان Hirsutism واتە گەشەكردنی موو لەو شوێنانەی ئافرەت كا نابێت مووی تێدا بەدی بكرێت وەكو چەنەگە و سەر لێوی سەرەوە وبناگوێیەكان، ئەمەش كاریگەرییەكی دەروونی نێگەتیڤی زۆر دەكاتە سەر ئافرەتی تووشبوو. موودەردان زیاتر لەو ئافرەتانەدا روودەدات كە دوچاری دروستبوونی فرەكیسی هێلكەدان دەبنەوە PCOS، لێرەدا لەوانەیە كە ئافرەت دوچاری نەزۆكییەكی كاتی بێت، بەڵام پاش چارەسەركردن مەسەلەكە ئاسایی دەبێتەوە. هۆكاری موودرەدان دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی رێژەی هۆرمۆنە نێرینەییەكان واتە ئەندرۆجینەكان Androgens، هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن ئەندرۆجینی سەرەكییە، بە بڕێكی كەم لە لەشی ئافرەتدا هەیە، بەڵام زیادبوونی ئەم هۆرمۆنە پتر لە رێژەی ئاسایی خۆی دەبێتە ئەگەری موودردان و چەندین سیفەتی نێرینەیی تر بۆ نموونە قەبەبوونی دەنگ. لە پیاویشدا زیادبوونی ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن دەبێتە ئەگەری گرفت لە پرۆستاتدا. هەندێك جاریش موودەردان لەبەر هۆكاری زگماكییەوە روودەدات لە هەندێك خێزاندا، لەو كاتەی كە ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن ئاساییە و هیچ كیسە لە هێلكەدانەكاندا بەدی ناكرێت. چارەسەركردنی موودەردان بە پشكنین و دۆزینەوەی هۆیەكەی دەستپێدەكات، چارەسەر بە لێزەر چارەسەرێكی یەكجارەكییە بۆ موودەردان.
Top