پرۆتینی كلاسی یەكەم

پرۆتینی كلاسی یەكەم
پرۆتینەكان Proteins پێكهاتووی ئۆرگانی ئاڵۆزن، یەكەی بنەڕەتی یان پێكهێنەری سەرەكی پرۆتین بریتییە لە زنجیرەی ترشە ئەمینییەكان Amino acids. پرۆتین پێكهێنەری سەرەكی ماسوڵكە و ئەندامەكان و گلاندەكانە. هەموو خانەیەكی زیندوو پرۆتینی تێدایە، هەموو شلەیەكی لەش جگە لە زەرداو و میز پرۆتینیان تێدایە. منداڵ و هەرزەكارەكان پێویستی زۆریان بە ماددەی پرۆتینییە بۆ گەشەكردن و پەرەسەندنی لەشیان. لەشی مرۆڤ پێویستی بە 20 ترشە ئەمینییە بۆ دروستكردنی پرۆتینەكانی، لەش دەتوانێت كە 11 ترشە ئەمین بۆ خۆی دروست بكات، بەڵام توانای دروستكردنی 9 ترشە ئەمینیەكەی تری نییە، واتە دەبێ تەنیا لە خۆراكەوە بگەنە لەش، بۆیە پێیان دەوترێ ترشە ئەمینیە زۆر پێوستەكان یان زەروورەكان Essential. زۆربەی ئەو ترشە ئەمینیانە لە خۆراكی ئاژەڵییەوە سەرچاوە دەگرن بۆیە لە ڕابردوودا پرۆتینی ئاژەڵی بە پرۆتینی كلاسی یەكەم و پرۆتینی ڕووەكی بە پرۆتینی كلاسی دووەم، چونكە جگە لە پاقلەی سۆیا هیچ خۆراكێكی ڕووەكی هەموو ترشە ئەمینییەكان لەخۆناگرێت. بە پێی چالاكی بەدەنی و وەرزش بڕی پێویستی ڕۆژانەی پرۆتین بۆ پیاوی پێگەیشتوو دەگۆڕێ، وەرزشوانەكان زیاتر پرۆتینییان دەوێت، جا سەرچاوەی ئەم پرۆتینە ئاژەڵی یان ڕووەكی بێت. گۆشت، ماسی، شیر و بەرهەمەكانی، هێلكە، پاقلەمەنیەكان، باوی و گوێز و كازو، دانەوێڵە سەرچاوەی دەوڵەمەندن بۆ پرۆتین. پیاو ڕۆژانە 55 گرام و ئافرەتیش ڕۆژانە 45 گرام پرۆتینیان پێویستە. لە هەندێك حاڵەت و نەخۆشیدا پێویستی ڕۆژانەی پرۆتین زیاتر دەبێت.
Top