خۆراكی دایكی شیردەر

خۆراكی دایكی شیردەر
زۆربەی ئافرەتەكان لە حاڵەیی ئاساییدا بۆ ڕاپەڕاندنی هەموو زیندە چالاكییەكانیان ڕۆژانە بە تێكڕایی 2000 كالۆری وزەی خۆراكیان پێویستە. ئەو ئافرەتەی كە شیری خۆی دەداتە منداڵەكەی پێویستە كە وزەی خۆراكی ڕۆژانەی زیاتر بكات. تا منداڵ تەمەنی دەبێتە 6 مانگ، پێویستە كە ئافرەت ڕۆژانە بڕی 330 كالۆری وزە لە خۆراكەوە زیاتر وەربگرێت بۆ نموونە یەك پەرداخ شیر و مۆزێك و پرتەقاڵێك و سێوێك. لە پاش تەمەنی 6 مانگ تا یەك ساڵ، پێویستە كە ئافرەت ڕۆژانە بڕی 400 كالۆری وزە زیاتر لە خۆراكەوە وەربگرێت بۆ نموونە قاپێكی مام ناوەندی ساوار و 10 دانە زەیتوون و یەك هێلكەی كوڵاو. بۆ دروستبوونێكی تەواو و دروستی شیر لە مەمكدا، ئافرەت جگە لە زیادكردنی وزەی خۆراكی ڕۆژانە، پێویستی بە زیادكردنی گەلێك مادەی خۆراكی هەیە، بۆ نموونە زیادكردنی بڕی ڕۆژانەی كالسیۆم لە 1000ملگم بۆ 1200ملگم، شیر و بەرهەمەكانی شیر بە دەوڵەمەندترین سەرچاوەی كالسیۆم دادەنرێن، لێرەدا ئافرەت بەپێی تەمەن و كێشی لەشی جۆری شیر هەڵدەبژێرێت لە ڕووی ڕێژەی چەورییەوە. بۆ زیادكردنی وزەی ڕۆژانە، پێویستە ئەو خۆراكانە هەڵبژێردرێن كە جگە لە وزە ماددەی خۆراكی گرنگ لە ڤیتامین و كانزا و ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرن، نەك ئەو خواردن و خواردنەوانەی كە وزەی بەتاڵ (كالۆری بەتاڵ Empty calories) لەخۆدەگرن وەكو شەربەت و شیرەی دەستكردی میوە و نوشابە گازدارەكان و خۆراكی خێرا Fast food.
Top