بۆچی چەوری ئاژەڵی خراپە؟

بۆچی چەوری ئاژەڵی خراپە؟
بەگشتی خۆراك و بەروبوومە ئاژەڵییەكان Animal foods ڕێژەیەكی بەرز لە چەورییە تێرەكان لەخۆدەگرن. چەورییە تێرەكان Saturated Fats بە چەورییە خراپەكان ناسراون، چونكە سەرچاوەن بۆ كۆلیستیرۆل لە لەشەدا. ڕێژەی چەوری لە خۆراكە ئاژەڵییەكاندا جیاوازی هەیە، بۆ نموونە گۆشت یان ماسوڵكە ڕێژەی چەوری كەمترە بە بەراورد لەگەڵ جەرگ و ئەندامەكان و بەز و دونگ، هەروەها گۆشتی پەڵەوڕ هەتا سپیتر بێت ڕێژەیەكی كەمتری چەوری لەخۆدەگرێت، شیر و بەرهەمەكانی شیر چەوری زۆریان تێدایە ئەگەر لە كارگەی ئەلباندا مامەڵەیان لەگەڵدا نەكرابێت بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی چەوری. ئێستاش هەندێك كەس پێیانوایە كە خواردنی دونگ وەكو بەز بۆ تەندروستی خراپ نییە، لە ڕاستیدا بەز یان دونگ بە شێوەیەكی سەرەكی لە ماددەی چەوریی پێكهاتوون. هەر 100 گرام بەز یان دونگ نزیكەی 900 كالۆری وزە دەدات، واتە بڕێكی زۆری وزە كە ئەگەر بە زیادی بخورێن دەبنە ئەگەری زیادبوونی كێش و قەڵەوی و زیادبوونی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن. ئەو كەسانەی كە دەبێ خۆیان بپارێزن لە چەوری ئاژەڵی ئەوانەن كە كێشەی كۆلیستیرۆل و قەڵەویان هەیە، هەروەها تووشبووان بە نەخۆشی دڵ، نەخۆشی شەكرە، جەڵتەی مێشك، ڕەقبوونی خوێنبەرەكان، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
Top