بەدخۆراكی لە بەسەڵاچوواندا

بەدخۆراكی لە بەسەڵاچوواندا
هەڵسەنگاندن و رێكخستنی لایەنی خۆراكی لە بەساڵاچووەكاندا مەسەلەیەكی چەندی بڵێی گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی بەساڵاچووان. بەساڵاچووەكان بە رێژەیەكی زۆر تووشی بەدخۆراكی Malnutrition دەبن. لاوازبوونی هەستی بۆنكردن، لاوازبوونی هەستی چێژكردن، كەمبوونەوەی هەستی تێنووبوون، خراپبوونی تەندروستی دەم و ددان، كزبوونی جوولەی ریخۆڵە و ئەگەری قەبزی، ئەمانە هەموویان چەند گۆڕانێكی فسیۆلۆژین كە لەگەڵ تەمەندا روودەدەن و ئەگەری تووشبوون بە بەدخۆراكی زیاد دەكەن، هەروەها بەكارهێنانی گەلێك دەرمان بۆ مەبەستی جیاواز وەكو زیانی لابەلا دەبنە ئەگەری كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و هێڵنج و وشكبوونی دەم یان بۆرژان و بێ هێزی گشتی لەش. كەمی مادە خۆراكییە گرنگ و پێویستەكان دەبێتە هۆی نەخۆشی، هەروەها توانای چاكبوونەوە لە نەخۆشییە سادە و نەخۆشییە سەختەكان لاواز دەكات، بەتایبەتی كەمی وزە و پرۆتین كە نزیكەی نیوەی بەساڵاچووان تووشی دەبن. بەدخۆراكی لەم تەمەنەدا دوو جۆری هەیە: بەدخۆراكی دەرەكی، واتە لەبەر كەمی بڕ و جۆری ژەمەكانی خۆراكەوە روودەدات، هەروەها بەدخۆراكی ناوەكی، واتە تووشبوو دوچاری كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن دەبێتەوە كە لێرەدا نەخۆش دەكەوێتە ناو گێژاوێكی بەدخۆراكییەوە، چونكە كەمی ئاسن و كانزا و ڤیتامینەكانیش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، واتە نەخۆش لە دوو لاوە ئارەزووی خواردنی كەم دەبێتەوە.
Top