بۆ زاڵبوون بەسەر بەدهەرسدا

بۆ زاڵبوون بەسەر بەدهەرسدا
بەدهەرسی Indigestion گرفتێكی باوە لە كۆئەندامی هەرسدا، نیشانەكانی بەدهەرسی بریتین لە هەستكردن بە قورسی و ناڕحەتی لە سكدا لەپاش ژەمێكی خۆراكدا، سووتانەوە یان ئازار لە نێوان ئێسكی سینگ و نەرمیی سكدا، هێڵنج و كۆبوونەوەی گاز لە ریخۆڵەدا. گرنگترین هۆكارەكانی بەدهەرسی بریتین لە زیاد خواردن پتر لە ئاستی تێربوون، خواردن بە پەلە، خۆراكی چەور، خۆراكی تیژ، هەروەها تا رادەیەكیش شەكەتی دەروونی (سترێس Stress)، نەخۆشی لە كۆئەندامی هەرسدا وەكو گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك GERD، بەردی زراو، هەوكردنی پەنكریاس، كولبوونی گەدە یان دوازدەگرێ، شێبرپەنجە، هەندێك جاریش هیچ هۆكارێك بۆ بەدهەرسی نادۆزرێتەوە. بۆ چارەسەركردنی بەدهەرسی چەند هەنگاوێكی سادە بگرە بەر، بۆ نموونە بە پەلە مەخۆ، خۆراك بەباشی بجووە ئینجا قووتی بدە، دووركەوە لە جگەرە و نوشابە گازدارەكان و كافائین، ماوەیەكی باش بۆ پشوودان تەرخان بكە لەگەڵ هەنگاوەكانی تری كۆنترۆلكردنی شەكەتی دەروونی. وەرگرتنی دەرمانی دژەترشی Antacid بۆ هاوسەنگكردنەوەی ترشەڵۆكی گەدە تا رادەیەك نیشانەكان سووك دەكات. سەردانی دكتۆر پێویست دەكات لەكاتی پەیدابوونی ئەم نیشانانە: رشانەوەی بەردەوام یان رشانەوەی خوێناوی، گرفت و ئازار لەكاتی قووتداندا، هەناسەتەنگی، ئارەقەكردن، زەردوویی.
Top