زیانەكانی خواردنەوە گەرمەكان

زیانەكانی خواردنەوە گەرمەكان
دووبارەبوونەوەی هۆكارەكانی وروژێنەری خانەكان بۆ ماوەیەكی زۆر دەبێتە ئەگەری ئەزیەتدانی خانەكان، ئەمەش ئەگەر درێژەبكێشێت لەوانەیە كە سروشتی خانەكان بگۆڕێت و ببێتە ئەگەری دابەشبوونێكی كۆنترۆڵنەكراوی خانەكان، ئەمەش پێناسەیە بۆ شێرپەنجە Cancer. بۆ نموونە، جگەرەكێشان بۆ ماوەیەكی زۆر دەبێتە ئەگەری وروژان یان ئەزیەتدانی خانەكانی ناوپۆشی بۆڕی هەناسە و خانەكانی سیكڵدانۆچكەكانی سییەكان، بۆیە زۆر جار شێرپەنجەی بۆڕی هەناسە یان شێرپەنجەی سییەكان پەیدا دەكات. زۆر كەس تا ئێستاش لەكاتی خواردنەوەی چای یان شیر یان قاوە و كاكاودا، ئەگەر زۆر گەرم نەبێت چێژی لێ وەرناگرن. گەرمی، ئەگەر ئەوندە بەتێنیش نەبێت كە ببێتە هۆی سووتانی شانەكان كە سووتانیش جۆرێكە لە برین، هەتا راددەیەك شانەكان ئەزیەت دەدات، بەردەوامبوونی ئەم وروژێنەرە لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری گۆڕان لە سروشتی خانەكانی ناوپۆشی رێڕەوەكانی هەرسدا بەتایبەتی سوورێنچك و ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجە لێدەكرێت، ئەمە بەپێی چەندین لێكۆڵینەوەی زانستییەوە. بێگومان مەسەلەكە پێوەندی بە خودی ماددەی خواردنەوەكەوە نییە، بەڵكو پێوەندی بە پلەی بەرزی گەرمی خواردنەوەكە هەیە. خواردنی سوپ و شۆربەی زۆر گەرم بە هەمان شێوە مەترسی هەیە.
Top