بەهای خۆراكی چەوەندەر

بەهای خۆراكی چەوەندەر
چێژە شیرینەكەی چەوەندەر یان سڵقە سوور Beets بۆ رێژە بەرزەكەی شەكر دەگەڕێتەوە. چەوندەر لە هەموو سەوزەواتەكان زیاتر شەكری تێدایە، هەر بۆیەشە كە ماددەیەكی خامی گرنگە بۆ بەرهەمهێنانی شەكری ئاسایی. بە كوڵاندن یان بە تورشی، چەوەندەر سوودی تەندروستی زۆری هەیە، چونكە جگە لە شەكر پێكهاتووی خۆراكی سوودبەخشی تێدایە كە گرنگن بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ، سەقەتییە زگماكییەكانی كۆرپە، هەندێك جۆری شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی كۆڵۆن. بیتاسایانین Betacyanin ئەو ماددەیەی كە رەنگە سوورەكەی بە چەوەندەر بەخشیوە، فاكتەرێكی بەهێزە دژی شێرپەنجە. ریشاڵی خۆراكی ناو چەوەندەر، بەپێی چەندین لێكۆڵینەوەی زانستی چڕوپڕەوە بەرگری لەش بەهێزدەكات دژی شێرپەنجەی گەدە و شێرپەنجەی كۆڵۆن. خواردنی چەوەندەر بە رێژەیەكی باش ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL لە خوێندا دادەبەزێنێت و ئاستی كۆلیستیرۆلی باش HDL بەرزدەكاتەوە، بەم شێوەیە رێگە دەگرێت لە نەخۆشی رەقبوونی خوێنبەرەكان و تووشبوون بە نەخۆشی دڵ. ماددەیەكی تریش لە چەوەندەردایە بە ناوی بیتایین Betaine كە دژی هەوكردن لە لەشدا كاردەكات. چەوەندەر بڕێكی باشی لە كۆمەڵەی ڤیتامین B و فۆلێت تێدایە كە زۆر گرنگن بۆ گەشەی دروستی شانەكانی كۆرپە و پاراستنی لە سەقەتە زگماكییەكان لەكاتی دووگیانیدا.
Top