ئاڵۆزی نەخۆشی شەكرە لە پێیەكاندا

ئاڵۆزی نەخۆشی شەكرە لە پێیەكاندا
تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە Diabetes mellitus دوچاری گەلێك ئاڵۆزی تەندروستی گەورە دەبنەوە بە تایبەتی ئەگەر بە باشی كۆنترۆل نەكرێت. هەوكردنی دەمارەكان بەتایبەتی دەمارەكانی دەورووبەر ئاڵۆزییەكی باوە لە نەخۆشانی شەكرەدا كە نیشانەكانی بریتین لە: هەستكردن بە ئازار یان سڕبوون و تەزین لە پەلەكاندا، بەتایبەتی لە پێیەكاندا كە هەندێك جار كار دەگاتە كەمبوونەوەی یان نەمانی هەست لە پێیەكاندا. نزیكەی %25ی نەخۆشانی شەكرە بە درێژایی نەخۆشییەكەیان تووشی كولبوون دەبن لە پێیەكانیاندا، هەروەها بە رێژەی %30 ئەم حاڵەتانە بە بڕینەوەی پێ یان قاچ كۆتایی دێت. بۆ خۆپاراستن لەم ئاڵۆزییانە. نەخۆشانی شەكرە پێویستە كە بە وردی پەیڕەوی پارێزی خۆراك و دەرمانیان بكەن و بە شێوەیەكی رۆتینی خۆیان پیشانی دكتۆر بدەن بۆ دڵنیابوون لە روونەدانی هیچ ئاڵۆزییەك لە كۆئەندام و ئەندامەكانی لەشدا. هەروەها پێوستە لەسەر نەخۆشانی شەكرە كە پتر لە دەموچاویان گرنگی بە پێیەكانیان بدەن لە رووی پاك و خاوێنی و چاودێریكردندا، لەگەڵ هەڵبژاردنی پێڵاو یان كەفشی تایبەت كە هەرگیز نەبێتە هۆی گوشین یان برینداربوونی پێیەكان. پێویستە كە كەفشەكە تەنگ نەبێت، پێشەوەی پان و فراوان بێت كە جێگەی هەموو پەنجەكان ببێتەوە بە رەحەتی و بێ هیچ فشارێك، ناوپۆشێكی نەرمی هەبێت و بواری كشان بدات، پێستی پێڵاوەكە نەرم بێت.
Top