خۆراكی هاوسەنگ Balanced diet

خۆراكی هاوسەنگ Balanced diet
سەرەڕای ئاشنابوونمان بە جۆرەها خۆراك، بە درك نەكردن بە بەهای خۆراكی و كاریگەرییان لەسەر لەشدا یەكێكە لەو هۆكارانەی كە وامان لێدەكات تەندروستی باش لەدەست بدەین. پێویستمان بە دروستكردنی هاوسەنگی هەیە لەنێوان هەموو جۆرەكانی خۆراكدا، بۆ ئەم مەبەستە چەند هەنگاوێك بگرە بەر، یەكەم: هەوڵ بدە رۆژانە خۆت بێبەش نەكەیت لە هەموو جۆر و گروپەكانی خۆراك لە شیر، گۆشت، سەوزە و میوە، نان، دانەوێڵە، نیشاستە. دووەم: با بڕی خۆراكەكانت مام ناوەندی بێت. هەروەها هەوڵ بدە كە بڕی چەوری و وزەی رۆژانەت كەم كەیتەوە بە كەم خواردنی خۆراكی خێرا، خۆراكی سووركراوە لە زەیت یان لە رۆندا. ئەو جۆرە بەرهەمانەی ئەلبان هەڵبژێرە كە رێژەی چەورییان لە 2%كەمتر بێت لە شیر و ماست و پەنیردا. پارچەی بێ چەوری لە گۆشتی سوور، پەڵەوەر یان ماسی هەڵبژێرە. خۆراكی تازە و نوێ لەجیاتی خۆراكی قوتووبەند بخەرە سەر سفرەكەت، بەگشتی خوێ لە خۆراكتدا كەم كەرەوە، هەروەها ئەو خۆراكانەی كە خوێی شاراوە لەخۆدەگرن. بڕی ریشاڵ Fiber زیاتر بكە بە زیاد خواردنی سەوزە و میوە بە توێكڵەوە لەگەڵ دانەوێڵەی تەواو و برنجی قاوەیی و كاكڵەكانی گوێز و باوی و كازو، هەرگیز پاقلەمەنییەكانیش لە یاد نەكەیت لەگەڵ رووەكە گەڵا تاریكەكانی وەكو سپێناغ و سڵق و خاس.
Top