بەهای خۆراكی هەرمێ

بەهای خۆراكی هەرمێ
ڤیتامین C و كانزای كۆپەر، كە دوو مادەی دژەئۆكسانن و بە رێژەیەكی بەرز لە هەرمێدا Pears هەن، خانەكان دەپارێزن لە ماددە كۆلكە سەربەستەكان Free Radicals كە زیانی گەورە بە خانەكان دەگەیەنن. هەروەها ماددە دژەئۆكسانەكان بەرگری لەش بەهێز دەكەن دژی هەوكردنەكان بە گشتی. خواردنی هەرمێ، كۆئەندامی هەرس و بەتایبەتی قۆڵۆن رێكدەخات و لە قەبزی دەیپارێزێت، هەروەها ئاستی كۆلیستیرۆل دادەبەزێنێت بە رێگەی یەكگرتن لەگەڵ خوێیەكانی زەرداو كە لە كۆلیستیرۆلەوە دروست دەبن، بەمەوە لەش ناچار دەكات كە كۆلیستیرۆل بۆ زەرداو بگۆڕێت، دەرەنجام رێژەكەی لە خوێندا دادەبەزێت. ریشاڵی رووەكی هەرمێ، مرۆڤ دەپارێزێت لە تووشبوون بە نەخۆشی دڵی پەیوەست بە نەخۆشی شەكرە و نەخۆشی رەقبوونی خوێنبەرەكان. ریشاڵ و كانزای كۆپەر كە لە هەرمێدان، رۆڵیان هەیە لە پاراستنی قۆڵۆن لە تووشبوون بە شێرپەنجە، هەروەها ئافرەت لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك دەپارێزن لە پاش تەمەنی وەستانی سووڕی خوێنی مانگانەیان. جگە لەمانە، هەرمێ قۆڵۆن لە نەخۆشی دەپارێزێت بە تایبەتی لە بەساڵاچووەكاندا. لەگەڵ ئەمەشدا، هەرمێ بە هیچ شێوەیەك هەستەوەری پەیدا ناكات، بۆیە لەم رووەوە بە سەلامەتترین میوە دادەنرێت كە بۆ یەكەم جار بدرێتە منداڵان، هەروەها بۆ پاراستنیان لە قەبزی.
Top