گێزەر و دابەزاندنی كێشی لەش

گێزەر و دابەزاندنی كێشی لەش
هەر خۆراكێك كە وزەی كەمی تێدابێت و مادەی خۆراكی گرنگ لە ڤیتامین و كانزا و مادە دژەئۆكسانەكان لەخۆبگرێت، دەكەوێتە ناو لیستی ئەو خۆراكانەی كە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش و چارەسەركردنی قەڵەوی تەرخان دەكرێن. گێزەر Carrots یەكێك لەو خۆراكانەیە، چونكە رێژەیەكی بەرزی ریشاڵ لەخۆدەگرێت، ریشاڵ لەگەڵ ئەوەی كە قەبارەی هەیە، ئاویش هەڵدەمژێت، واتە قەبارەیەكی گەورە لەناو گەدەدا داگیردەكات، بەمەشەوە هەستی تێربوون زووتر روودەدات. گێزەر جگە لە ریشاڵ، چەندین مادەی گرنگی تێدایە، بۆ نموونە ئەلفا كارۆتین Alpha-carotene كە مادەیەكی دژەئۆكسانی سروشتی بەهێزە و مرۆڤ دەپارێزێت لە تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەكان، رەنگە نارنجییەكەی گێزەریش دەگەڕێتەوە بۆ مادەی بیتا كارۆتین Beta-Carotene كە لە لەشدا دەگۆڕێت بۆ ڤیتامین A كە بۆ تەندروستی چاوەكان یەكجار زەروورە بەتایبەتی بۆ بینین لە رووناكی كەم و بینین لە تاریكیدا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە مادەیەكی دژەئۆكسانیشە. لە لێكۆڵینەوەی كشتوكاڵی و زانستیدا هاتووە مادەی فالكارینۆل Falcarinol كە لە گێزەردایە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە بە رێژەی 33% كەم دەكاتەوە. هەروەها ئەم مادەیە گێزەر لە كەڕەكیفە(پیسبوون بە كەڕوو) و گەلێك مێروو دەپارێزێت. رۆژانە خواردنی گێزەرێكی بچووك لەگەڵ سەوزە و میوەكانی تردا ئەم ئامانجە دەپێكێت. خواردنی گێزەر رێگایەكی سروشتییە بۆ پاراستنی جوانی و نەرمیی پێست، هەروەها گێزەر كرداری هاوسەنگكردنی ترشێتی و تفتێتی لە پێستدا رێكدەخات، بەمەشەوە پێست دەپارێزێت لە زیپكە و گۆڕانەكانی پەیوەست بە تەمەن. لە راستیدا، خواردنی گێزەر پێست ساف دەكات، هەندێك جاریش بۆ ئەم مەبەستە شیرەی گێزەر دەخرێتە ناو ئاوێتەكانی پاراستنی پێست. سەرەڕای هەموو ئەم سوودە تەندروستییانەی كە لە سەرەوە باسكران، گیزەر رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ و گۆڕانەكانی پەیوەست بە تەمەن كە لە چاوەكاندا روودەدەن و دەبنە ئەگەری كزبوونی بینین یان لەدەستدانی یەكجارەكی بینین.
Top