شۆربای نیسك بۆ نەخۆشانی شەكرە

شۆربای نیسك بۆ نەخۆشانی شەكرە
شۆربای نیسك Soup Lentils سەرەڕای ئەوەی كە خۆراكێكی سووكە و خێرا ئامادە دەكرێت و هەرسكرنی ئاسانە، سوودی تەندروستی زۆریش لەخۆدەگرێت. دەتوانرێ كە شۆربای نیسك لەگەڵ زۆر جۆری خۆراكدا تێكەڵ بكرێت و چێژیان خۆشتر بكات. نیسك لە هەر چوار وەرزی ساڵدا هەیە، لە رووی بەهای خۆراكییەوە شۆربای نیسكی زەرد یان شۆربای نیسكی سەوز هیچ جیاوازییەكیان نییە. شۆربای نیسك، سەرچاوەیەكی باشە بۆ ریشاڵ Fiber كە ئاستی كۆلیستیرۆل دادەبەزێنێت و مرۆڤ دەپارێزێت لە گرژبوونی قۆڵۆن. جگە لەمانە، شۆربای نیسك ئاستی شەكری خوێن رێكدەخات. شۆربای نیسك چەندین كانزای گرنگی تێدایە لەگەڵ دوو جۆری ڤیتامین B و رێژەیەكی باشی پرۆتین و هیچ چەوریشی تێدانییە ئەگەر چەوری تێنەكرێت. شۆربای نیسك رۆڵێكی بەرچاوی لە خۆپاراستن بە نەخۆشی دڵ هەیە، بەوەی كە شۆربای نیسك كانزای مەگنسیۆم و فۆلێتی تێدایە كە ئەم رۆڵە گرنگەیان هەیە. شۆربای نیسك، جگە لە سوودەكانی بۆ كۆئەندامی هەرس و دڵ، وزەیەكی بەرە بەرە دەدات بەوەی كە كاربۆهیدراتی ئاڵۆزی تێدایە و شەكری خوێن رێكدەخات هەتا لە تووشبووان بە نەخۆشی شەكرەشدا. خواردنی شۆربای نیسك بڕێكی باش لە كانزای ئاسن بۆ لەش دابین دەكات. كانزای ئاسن پێكهاتووەیەكی گرنگی هیمۆگلۆبینە كە هەڵدەستێت بە فەرمانی گواستنەوەی گازی ئۆكسجین لە سییەكانەوە بۆ هەموو لەش، هەروەها ئاسن بەشێكە لە سیستەمێكی ئەنزیمیی كە گرنگە لە كرداری زیندەپاڵدا (میتابۆلیزم). ئەمەش هەرگیز لە بیر مەكە كە ئافرەتی دووگیان، ئافرەتی شیردەر، منداڵ و هەرزەكاران رۆژانە زیاتر لە خەڵكانی تر پێویستییان بە كانزای ئاسنەوە هەیە. ئاسن لە سەرچاوەی رووەكی وەكو نیسك جیاوازی نییە لەو ئاسنەی كە لە خۆراكی ئاژەڵییەوە وەردەگیرێت.
Top