بە ورد كردنی سەوزە و میوە بەهای خۆراكیان كەم دەبێتەوە

بە ورد كردنی سەوزە و میوە بەهای خۆراكیان كەم دەبێتەوە
ئایا بڕین و زیاد وردكردنی سەوزە و میوە وا دەكات كە زووتر ڤیتامین و مادە خۆراكییە گرنگەكانی تر لەدەست بدرێن؟ بەڵێ تا سەوزە و میوە وەكو خۆی بە وردنەكراوی بمێنێتەوە یان بۆ ماوەیەك هەڵبگیرێت هێندە ڤیتامین و مادە گرنگەكانی دەپارێزێت. هەربۆیە سەڵاتە، وا باشترە كە چەند ساتێك لەپاش دروستكردنی زوو بخورێت، ئەگەر كۆن بوو مادە گرنگە خۆراكییەكانی كەم دەبنەوە یان لە دەست دەچن. باشترین رێگا بۆ هەڵگرتنی سەوزە و میوە بۆ نموونە پەتاتە، سێو، پرتەقال، گرێپ فڕووت ئەوەیە كە بە پەلكەوە(بە پێستەوە) بە بێ(سپیكردن) هەڵبگیرێن. هەر كە پێست یان پەلكی سەوزە یان میوە لاببرێت، ئەوا سەوزە و میوەكان پێش هەموو مادەیەك دەبنە هۆی لەدەستدانی ڤیتامینی C. ئەمەش كردارێكی كتوپڕ نییە بەڵكو بەرە بەرە دەست پێدەكات. مانەوەی سەوزە یان میوەی وردكراو لەناو بەفرگردا(سەلاجە) لەپاش 5-6 رۆژ رێژەیەكی زۆر ڤیتامینەكانیان لەدەست دەدەن، بۆ نموونە رێژەی ونكردنی ڤیتامین C و كارۆتینۆیدەكان و مادە كیمیاییە رووەكییە گرنگەكان لەپاش ئەو ماوەیەدا دەگاتە نزیكەی 10-25%. لە دەرەوەی سەلاجەدا سەوزە یان میوەی وردكراو لە ماوەی 5-6 رۆژ تێكدەچن و بەكتریا لەناویدا گەشە دەكات و بۆ خواردن هەرگیز دەست نادات. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە سەوزە و میوەی سپیكراو یان بڕاو یان وردكراو لە ماوەی 1-2 هەفتەدا نیوەی ڤیتامینەكانیان لەدەست دەدات. باشترە كە سەوزە و میوە راستەوخۆ بەر لە خواردن ئینجا ببڕێن یان ورد بكرێن. بۆ هەڵگرتنیش لەناو سەلاجەدا، دەبێ سەڵاتە یان سەوزە و میوەی وردكراو لەناو دەفرێك یان قوتووێكی داخراودا خەزن بكرێت كە رێگا لە تێچوونی هەوا بگرێت. بە گشتی وا باشترە كە سەوزە و میوەی وردكراو لەناو سەلاجەدا لە دوو سێ رۆژ زیاتر نەمێنێتەوە.
Top