میوەی وشككراو شەكری زۆر تێدایە

میوەی وشككراو شەكری زۆر تێدایە
میوەی وشككراو Dried Fruits هەرگیز وەكو میوەی تازە پڕچێژ و تەڕ نییە، چونكە زۆربەی ئاوەكەی لە دەستداوە. مێوژRaisins، جیبسی مۆز Banana Chips، قەیسی، روتاب(قەسپ) رێژەیەكی بەرزی شەكریان تێدایە. لەبەر دوو هۆكار، میوەی وشككراو وزە و شەكریان زیاتر لە میوەی تازە تێدایە. یەكەم، هەندێك جار شەكر دەخرێتە ناو میوە وشكراوەكانەوە بەتایبەتی ئەگەر چێژی میوەكە بە وشككراوی نیمچە تفت بێت. دووەم، لەبەر ئەوەی كە میوە بە وشككردنەوە زۆربەی رێژە بەرزەكەی ئاو لە دەست دەدات، بەمەشەوە لە قەبارەیەكی بچووكتردا رێژەی شەكر و وزەی زیاتر دەبێت لەوەی كە لە قەبارەیەكی گەورەی میوەی تازەدا هەیە كە رێژەیەكی زۆری ئاو تێدایە. بۆ نموونە، گلوە ترێیەك 7 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت، دەنكە مێوژێكیش 7 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت، بەڵام كوپێكی پڕ لە ترێ 60 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت، كەچی یەك كوپی پڕ لە مێوژ پتر لە 400 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت. ئەمە لەبەر ئەوە نییە كە كۆمپانیای بەرهەمهێنی میوژ، شەكر لەگەڵ مێوژدا تێكەڵ دەكات، بەڵكو لەبەر ئەمەیە كە مێوژ زۆربەی ئاوەكەی ترێی لەدەستداوە و بۆتە خۆراكێكی چڕتری دەوڵەمەند بە شەكر و وزە، لە هەمان كاتیشدا كوپەكە پتر لە ترێ جێگای بڕێكی زۆری مێوژ دەكاتەوە. ئەو شەكرەی كە دەخرێتە ناو هەندێك جۆری میوەی وشككراوەوە شەكری سپی ئاسایی نییە(واتە سوكرۆز)، بەڵكو زیاتر شەكری گلوكۆز Glucose یان شەكری فركتۆز Fructose ە، كە بە شەكری میوە ناسراوە. ئەو دوو شەكرە بە شێوەیەكی سروشتی لە میوەكاندا بەدی دەكرێن. لەكاتی كڕینی میوەی وشككراودا، بە وردی رێنمایی جۆری دروستكرنەكەی سەر پاكێتەكە بخوێنەوە بۆ ئەوەی كە بزانی ئایا شەكری زیادی تێكراوە، یان بە بێ شەكر دروستكراوە.
Top