دكتۆر رەزا برچیزادە سیاسەتمەداری ئێران و هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریكی : هێرشی سەربازیی ئەمریكا بۆ سەر تاران یەكلا بووەتەوە

 دكتۆر رەزا برچیزادە سیاسەتمەداری ئێران و هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریكی : هێرشی سەربازیی ئەمریكا بۆ سەر تاران یەكلا بووەتەوە
سیاسەتمەدارێكی ئێرانی رایدەگەیەنێ هێرشی سەربازیی ئەمریكا بۆ سەر تاران یەكلا بووەتەوە و ڕوودانی ئەم شەڕە هیچ گومانێك هەڵناگرێت.


دكتۆر رەزا برچیزادە سیاسەتمەداری ئێران و هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریكی، لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی (ئەلعەرەبیە) رایگەیاندووە كە هێرشی سەربازیی ئەمریكا بۆ سەر تاران یەكلا بووەتەوە، چونكە ڕژێمی ئێران بووەتە مەترسی بۆ سەر ناوچەكە و تەواوی جیهان، لەوەش زیاتر بووەتە پشتیوانی تیرۆر و بڵاوكردنەوەی توندوتیژی لە جیهاندا.


برچیزادە دووپاتی كردووەتەوە كە زەحمەتە ئێران ئەو هەڕەشەیەی جێبەجێ بكات كە لەبارەی داخستنی گەرووی هورمز لە ناوچەكە و ئەمریكای كردووە، چونكە ئەگەر ئەم كارە بكات، ئەوا ئیمزا لەسەر مەرگی خۆی دەكات.


لەبارەی ستراتیژیی گوشارەكانی ئێستەی ئەمریكاشەوە بۆ سەر تاران، برچیزادە پێیوایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێ ئەوپەڕی گوشار بخاتە سەر تاران بۆ ئەوەی ڕژێمی ئیسلامی بگۆڕێت، سەرباری ئەوەی ترەمپ زمانی دیبلۆماسی بەكاردێنێ و گوایە دەیانەوێ رەوشتی ڕژێمەكە بگۆڕن.


دەشڵێ وەك چۆن جاران ئەستەم بوو رەوشتی ڕژێمی نازی لە ئەڵمانیا بگۆڕدرێ، ئەوهاش ئەستەمە ڕەوشتی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران بگۆڕێت. لەبەر ئەوەی دووپاتی دەكاتەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی تاكەڕێگەچارەیە و هەر دەشبێ ڕووبدات.


سیاسەتمەدارە ئێرانیەكە پێیوایە ئەو پێشڤەچوونە سەربازی و گرژییانەی ئێستە لە ناوچەكە لەئارادان، ئیشی ڕۆژێك و دوو ڕۆژ نین، بەڵكو دەرەنجامی كێشەیەكی 40 ساڵەن كە بریتیە لە تەمەنی رژێمی ئیسلامیی ئێران، ئەم ڕژێمە زیاتر لە چوار دەیەیە ڕكەبەرایەتی سیستەمی لیبراڵی جیهانی بە سەركردایەتی ئەمریكا دەكات، بۆیە پێیوایە ئەم جارە هەڵگیرسانی شەڕەكە یەكلا بووەتەوە و ڕێگەچارەی دووەم لەئارادا نیە.











باسنیوز
Top