ئێران: قۆناغ بە قۆناغ لە رێککەوتنی ناوکی دەکشێینەوە

 ئێران: قۆناغ بە قۆناغ لە رێککەوتنی ناوکی دەکشێینەوە
جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی قۆناغ بە قۆناغ لە رێککەوتننامەی ناوکی دەکشێتەوە.

دوای سەپاندنی سزایەکی نوێ بەسەر ئێران، عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکەی رێککەوتننامەی ناوکی بە تەواوی رەت ناکاتەوە و هەوڵی سوودوەرگرتن لە بەندەکانی دەدات.

عەباس عێراقچی هەروەها رایگەیاندووە، ئەمریکا لە سەرەتاوە زۆر هەوڵی دا ئێران بەخۆی لە رێککەوتننامەکە بکشێتەوە، بەڵام وڵاتەکەی نەکشایەوە و ئێستاش حکوومەتەکەی، دوای سەپاندنی سزاکان بەسەریدا، دەیەوێ قۆناغ بە قۆناغ لە رێککەوتننامەکە بکشێتەوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وڵاتەکەی ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی، ”ئەگەر لایەنەکانی دیکە بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن“.

رۆژی چوارشەممە 8-5-2019، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سزایەکی دیکەی بەسەر ئێراندا سەپاند، کە بریتییە لە رێگرتن لە ئێران لە هەناردەکردنی بەرهەمە پیشەسازییەکانی وەک پۆڵا، ئاسن، مس و ئەلەمنیۆم.

لە رۆژی 1ـی ئایاری 2019ـەوە، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، هیچ وڵاتێکی جیهان ئامادە نییە نەوتی ئێران بکڕێت.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.


باسنيوز
Top