ئەمریكا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

 ئەمریكا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
پێش كەمێك ئەمریكا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، لەمبارەیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیارێكی جێبەجێكاری دەركرد.


ئەمشەو ترەمپ بڕیارێكی جێبەجێكاری دەركرد كە تیایدا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێ، كە كەرتی پیشەسازیی كانزایی وڵاتەكە دەكاتە ئامانج.



لەمبارەوە كۆشكی سپی رایگەیاند "سزا نوێیەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، هەناردەی ئەم وڵاتە لە بەرهەمە كانزاییەكانی وەكو ئاسن، پۆڵا، مس و ئەلەمنیۆم دەكاتە ئامانج. ئەمەش بۆ ئەوەیە كە ئێران چیتر داهات لە ڕێگەی پیشەسازیی كانزاییەوە بە دەست نەخات، چونكە بۆی هەیە ئەم داهاتە لە پەرەپێدانی بەرنامەی چەكی ئەتۆمیەوە خەرج بكات".



ئێوارەی ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لە زاری بەرپرسێكی كۆشكی سپیی ئەمریكای گواستبووەوە كە بەم زووانە واشنتن گەمارۆی نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.


ئەمەش دوای ئەوە دێت كە ئەمڕۆ حكوومەتی ئێران بە فەرمی پاشگەزبوونەوەی لە ڕێككەوتنامەی ئەتۆمی راگەیاند، بەمەش تەنگژەكانی ئەمریكا و وەڵامەكانی ئێران چوونە قۆناخێكی نوێوە، دواهەمین پێشڤەچوونیش راگەیاندنی سوپای ئێران بوو بەوەی لە ئامادەكاریدان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی چاوەڕوانكراوی ئەمریكا، ئەمەش لە وەڵامی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا هات.


ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە برایان هۆك نێردەی ئەمریكای تایبەت بە كاروباری ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە وڵاتەكەی نایەوێ بچێتە شەڕەوە لەگەڵ ئێران، بەڵام لە ئامادەباشیدایە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی لە ناوچەكە.


هۆك لە كۆنگرەكەدا بەڵێنی دا كە ئەمریكا بە توندی وەڵامی هەر هێرشێكی ئێران دەداتەوە كە بیكاتە سەر ئەمریكا یان هاوپەیمانەكانی.


هەروەها دووپاتی كردەوە كە واشنتن بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشارخستنە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران، تا ئەو كاتەی سەركردەكانی ئێران فێر دەبن وەكو سەركردەی وڵاتێكی ئاسایی هەڵسوكەوت بكەن نەك وەكو یاخیبوو.








باسنیوز
Top