ئیدارەی ئەمریکا بڕیارێک لە دژی گرووپ و لایەنە عێراقییەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدات و ئەگەریش هەیە هەندێک لایەنی کوردی بگرێتەوە.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ئیدارەی ئەمریکا بە نیازی دەرکردنی ئەو بڕیارەیە، کە بەهۆیەوە حزب و گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران دەخاتە ناو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
ئەو بڕیارەی ئیدارەی ئەمریکا بە نیازە بیدات، هەموو ئەو حزب و گرووپانە دەگرێتەوە، کە پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران هەیە و ئەگەر هەیە هەندێک لایەنی کوردیش بگرێتەوە.
سەرچاوە دیپلۆماسی و میدیاییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئیدارەی وڵاتەکەیان هەوڵی خێراترکردن و توندکردنی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئێران و ”وەکیلەکانی ئێران“، دەدات.
شەوی 8-4-2019، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سوپای پاسدارانی خستە ناو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
باسنیوز