سوپای سوودان بەیاننامەکەی لەبارەی داهاتووی سەرۆکی وڵات بڵاو کردەوە

 سوپای سوودان بەیاننامەکەی لەبارەی داهاتووی سەرۆکی وڵات بڵاو کردەوە
سوپای سوودان بەیاننامەکەی لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەی و چارەنووسی سەرۆکی وڵات بڵاو کردەوە.



سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-4-2019، سوپای سوودان دەیان بارهەڵگری سەربازیی لە دەوروبەری فەرماندەیی سوپا و وەزارەتی بەرگری بڵاو کردەوە و رایگەیاند، ”بەیاننامەیەکی گرنگ“ دەردەکات.



پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە سوپای سوودان بەیاننامەکەی لە رادیۆی فەرمیی حکوومەتی وڵاتەکەی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند، ماوەیەکە سوپا چاودێریی بارودۆخی خراپی هاووڵاتییان و خۆپیشاندانەکان دەکات.



سوپای سوودان هەروەها رایگەیاند، کە سوپا بڕیاری دا عومەر حەسەن بەشیر لە سەرۆکایەتیی کۆماری سوودان و هەموو جێگر و راوێژکار و یاریدەدەرەکانی و حکوومەتەکەی، لەسەر کار لابدات.



لە بەیاننامەکەدا، کە بەیاننامەی ژمارەی 1ـە، سوپا پێکهێنانی حکوومەتی کاتی لەژێر سەرپەرشتیی ئەنجومەنی سەربازی، کە فەریقی یەکەم روکن عیمادەدەین عەدەوی سەرۆکایەتیی دەکات، بۆ ماوەی ساڵێک راگەیاند، ”لە رۆژی 6ـی مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو دەسەڵاتی سوودان رادەستی نوێنەرانی هەڵبژێردراو دەکەین“.



فەرماندەی گشتیی سوپای سوودان هۆشداریشی داوەتە سەرباز و ئەفسەران کە تەقە لە هاووڵاتییان نەکەن و گازی فرمێسکڕێژیش بەکار نەهێنن لەکاتی دەربڕینی خۆشیدا، کە بەبۆنەی لەکارلادانی عومەر حەسەن بەشیر لەسەر شەقامەکان دەری دەبڕن.




باسنيوز
Top