وەزیری دادی ئەمریکا: راپۆرتی دەستێوەردانەکانی روسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بڵاودەکەینەوە

وەزیری دادی ئەمریکا: راپۆرتی دەستێوەردانەکانی روسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بڵاودەکەینەوە
وەزیری دادی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتودا راپۆرتی لێکۆڵەرەوەی تایبەت رۆبەرت موڵەر سەبارەت بە دەستێوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2016 دا بڵاودەکاتەوە.

لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتودا لە دۆخێکدا دەبم کە بتوانم ئەم ڕاپۆرتە ئاشکرا بکەم


ویلیام باڕ، وەزیری دادی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەمیانی بەڕێوەچونی دانیشتنی کۆنگرێس-ی ئەمریکا رایگەیاند، "لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتودا لە دۆخێکدا دەبم کە بتوانم ئەم ڕاپۆرتە ئاشکرا بکەم، دواتر لەگەڵ هەردو سەرۆکی لیژنەکانی دادوەریدا گفتوگۆ دەکەم سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە و هەر داوایەک کە ئەوان هەیانبێت."

22ی مانگی رابردو، رۆبێرت مولەر، راوێژكاری تایبەتی كۆشكی سپی راپۆرتە چاوەڕوانكراوەكەی لەبارەی دەستێوەردانەکانی روسیا لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆکایەتی 2016ی ئەمریكا پێشكەشی کۆنگرێس كرد.

رۆبێرت مولەر ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتی دەستێوەردانەکانی روسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بو


رۆبێرت مولەر پاش ئەوەی لەلایەن جێگری داواكاری گشتییەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە دەنگۆی دەستێوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنەكان و بونی پەیوەندی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و چەند كۆمپانیایەكی روسی راسپێردرا، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە سەرقاڵی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە بو.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كە تۆمەتەكەی ئاڕاستەكراوە لەگەڵ بەشێكی زۆر لەكۆنگرێسمانەكانی كۆمارییەكان بەردەوام تۆمەتەكان رەتدەكەنەوە و لێكۆڵینەوەكەش بە هەنگاوێكی هیچ و بێبایەخ لەقەڵەم دەدەن.

لەئێستادا ولیەم بار، وەزیری دادی ئەمریکا راپۆرتەكە كورتدەكاتەوە و ئەو بەشانەی دیاریدەكات كە پێویستە پێشكەشی كۆنگرێس بكرێت.




خەندان
Top