کۆمسیۆنی هەڵبژاردن جارێکی دیکە داوایەکی حزبەکەی ئەردۆغان رەت دەکاتەوە

 کۆمسیۆنی هەڵبژاردن جارێکی دیکە داوایەکی حزبەکەی ئەردۆغان رەت دەکاتەوە
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تورکیا جارێکی دیکە داوایەکی حزبەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا، رەت دەکاتەوە.



ئەمڕۆ سێشەممە 9-4-2019، رەجەب ئۆزێل، نوێنەری ئاکەپە لە کمسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاندووە، کۆمسیۆن رەتی کردووەتەوە دەنگەکانی هەموو ناوچەکانی ئیستەنبوڵ بژمێرێتەوە.



ئیستەنبوڵ لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، بەسەر 31 بازنەی هەڵبژاردن دابەش کرابوو.



رەجەب ئۆزێل هەروەها رایگەیاندووە، کۆمسیۆن بڕیاری داوە تەنیا 51 سندوق لە 21 بنکەی بازنەی هەڵبژاردن، بژمێردرێنەوە، لەکاتێکدا ئاکەپە داوای کردبوو هەموو بنکەکانی هەر 31 بازنەی ئیستەنبوڵ، دووبارە بژمێردرێنەوە.



پێشتریش لە رۆژی هەینی 5-4-2019، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تورکیا داوای ئاکەپەی رەت کردبووەوە، کە داوای کردبوو ئەنجامی هەڵبژاردن لە ئیستەنبوڵ هەڵبوەشێندرێتەوە.



ئاکەپە حزبێکی ئیسلامیی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە. رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، سەرۆکایەتیی ئەو حزبە دەکات.



رۆژی 31.3.2019، لە ھەموو شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، ھەڵبژاردنی شارەوانی، ئەنجومەنی پارێزگاکان و موختاری گوندەکان، ئەنجام درا.



باسنیوز
Top