نەوتی خاو بەرزترین ئاستی لە ماوەی پێنج مانگی رابردودا تۆماركرد

نەوتی خاو بەرزترین ئاستی لە ماوەی پێنج مانگی رابردودا تۆماركرد
لە بەردەوامی هەوڵەكانی ئۆپیك و سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بۆ سەر هەریەك لە ئێران و ڤەنزوێلا و بەهۆی نیگەرانیەكان لەبارەی كەمكردنەوەی رێژەی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە نرخی نەوتی خاو لە ماوەی پێنج مانگی رابردودا دوبارە بەرزترین ئاستی تۆماركرد.

بەهۆی بەردەوامی كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنان و هەناردەی نەوتی خاو لە لایەن رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك) و وڵاتانی هاوپەیمانی (ئۆپیك+)، لەگەڵ توندتركردنی سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ سەر هەریەك لە وڵاتانی ئێران و ڤەنزوێلا، نرخی ئەو بەرهەمە لە مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردوەوە رۆژ لە دوای رۆژ بەرزترین ئاست تۆماردەكات.

هاوكات نیگەرانیەكان لە بارەی كەمكردنەوەی رێژەی هەناردەی نەوتی خاو لە لایەن لیبیاوە بەهۆی بەردەوامی جەنگ لەو وڵاتەدا، كاریگەری لەسەر نرخی ئەو بەرهەمە دروستكردوە.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 8 سەنت و بە رێژەی لەسەدا 0.1 بەرزبوەتەوە كە نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردویەتیە 71.34 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا.

نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا 13 سەنت و بە رێژەی لەسەدا 0.2 بە بەراورد بە نرخی پێشوی بەرزبوەتەوە و نرخی یەك بەرمیل دەكاتە 64.77 دۆلار.

بەو پێیەش هەریەك لە نەوتی برێنت و تەكساسی رۆژئاوای ئەمریكا ئەمڕۆ دوشەممە بەرزترین ئاستیان لە ماوەی پێنج مانگی رابردودا تۆماركردوە.

بەهۆی ژمارەیەك هۆكار ئەمساڵ نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبونەوەی بەردەوامی بەخۆوە بینیوە و بە گشتی لە ساڵەكەدا نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی لەسەدا 40 و نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا بەڕێژەی لەسەدا 30 بەرزبونەوەیان تۆماركردوە.

هاوكات رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك) و وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپیك (ئۆپیك+)، لە ئێستادا بە مەبەستی كەمكردنەوەی رێژەی هەناردەی بەرهەمەكە لەمساڵدا بۆ 1.2 ملیۆن بەرمیل رۆژانە، لە هەوڵەكانیان بەردەوامن.






خەندان
Top