دواجار سەرۆکی جەزائیر ملی بۆ داواکارییەکانی گەلەکەی کەچ کرد و بڕیارەکەی دا.

دواجار سەرۆکی جەزائیر ملی بۆ داواکارییەکانی گەلەکەی کەچ کرد و بڕیارەکەی دا.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 1-4-2019، سەرۆکایەتیی کۆماری جەزائیر بەیاننامەیەکی دەرکرد و تێیدا رایگەیاند، عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، سەرۆکی وڵات بڕیاری دەست لەکار کێشانەوە و جێهێشتنی کورسیی سەرۆکایەتی، دا.



سەرۆکایەتیی جەزائیر هەروەها رایگەیاندووە، کە عەبدولعەزیز بوتەفلیقە پێش دوا رۆژی ماوەی ئەم خولەی سەرۆکایەتیی خۆی (28ـی نیسان)، بیاری دەست لەکار کێشانەوەکە دەدات و چاودێرانیش پێیان وایە بەهۆی پشتتێکردنی سوپا لە سەرۆک و چوونە بەرەی گەل، بوتەفلیقە ئەو بڕیارە دەدات.



هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بوتەفلیقە بەر لە دەست لەکار کێشانەوەی، ژمارەیەک ”بڕیاری گرنگ“ بۆ بەدەوامیی کاری دەزگاکانی دەوڵەت لەماوەی گواستنەوە، دەدات.



بەپێی دەستووری جەزائیر، ئەگەر سەرۆک دەستی لەکار کێشایەوە یاخود بە هەر هۆیەک نەیتوانی درێژە بە کاری خۆی بدات، ئەوا سەرۆکی ئەنجومەنی ئوممە (پەرلەمان) بۆ ماوەیەکی کاتی سەرۆکایەتیی جەزائیر دەکات، تا ئەو کاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.



هەر لە رۆژی دووشەممەدا، داواکاری گشتیی جەزائیر کەیسەکانی گەندەڵیی ئەو کەسانەی لە سەرۆکی وڵات نزیک بوون، هەڵداوەتەوە و بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتی دەرەوەی وڵاتی لە 50 کەسی نزیک لە بوتەفلیقەی داوە.



چەند مانگێکە هاووڵاتییانی جەزائیر بە خۆپیشاندان داوای دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆکی وڵاتەکەیان دەکەن و باس لەوە دەکەن، کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی نەماوە.



بوتەفلیقە، کە لە ساڵی 1937 لەدایک بوو. بە رەچەڵەک دەچێتەوە سەر گەلی ئەمازیغی. لە مانگی 11ـی 2005 تووشی نەخۆشییەک بووە و بەهۆیەوە لەسەر کورسیی کەمئەندامان دانیشتووە.



خولەکانی سەرۆکایەتیی بوتەفلیقە:



- خولی یەکەم. ساڵی 1999.



- خولی دووەم، ساڵی 2004.



- خولی سێیەم، ساڵی 2009.



- خولی چوارەم، ساڵی 2014.







بااسنيوز
Top