ئێران.. سێڵاو 25 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی ڕووخاندووە

ئێران.. سێڵاو 25 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی ڕووخاندووە
بە گوتەی بەرپرسانی پەیوەندیداری ئێران و ئاماری ناوەندە فریاگوزارییەکان، هاتنی سێڵاو لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوو لە ئێران، هەتا ئێستا 25 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی لە شوێنە جیاجیاکان وێران بوون و لافاو بردوونی.

لەمبارەوە هادی درەفشی، جێگری هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی نیشتەجێبوون لە ئێران، ئاشکرای کردووە هەستانی لافاو لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران، بووەتە هۆی ڕووخان و تێکچوونی 25 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ئێران و خەڵک وەیلان و بێ ماڵ و حاڵ بوون.

ئاماژەی بەوەش کردووە: "بەهۆی لافاوەکانەوە زیاتر لە 60 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکە مەترسیی داڕووخان و ئابردنیان لەسەرە و هاوکات هەتا ئێستا نزیکەی 45 کەس گیانیان لەدەست داوە".

بەهۆی هاتنی لافاو لە پارێزگاکانی: "کرماشان، لوڕستان، ئیلام، سنە، خووزستان، گولستان، مازندەران،خۆراسانی باکووری، گێڵان، سیستان و بەلووچستان، کهگیلۆیە و بوویر ئەحمەر، فارس" جیا لە خەسار و زیانی گیانی، بە ملیارها خەساری ئابووریی لە هاووڵاتییان و کەرت و بوارە جیاجیاکان داوە و هەتا ئێستا ریژەی ئەو خەسارانە دیاری نەکراون.

لە دەیان شار سەدان گوند بەهۆی مەترسیی لافاوەوە چۆڵ کراون و سەدانی دیکەش هێشتا مەترسییان لەسەرە.

بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکان ئەمڕۆ لە شارەدێی "مەعموولان"ی سەر بە پارێزگای لوڕستان کەسێکی دیکەش گیانی لەدەست داوە و لە پارێزگای لوڕستان بەهۆی لافاوەوە زۆربەی شارەکان حاڵ و دۆخی نائاسای ڕاگەیەندراوە و سوپا (ئەرتش) لە کرماشانەوە بە هانای خەڵکەوە چووە و باس لەوە دەکرێت بەشێکی زۆر لە پردەکانی لوڕستان و بەتایبەت شاری پولدوختەر هیچ ڕێگەیەکی پەیوەندیی نەماوە و بە لافاو گەمارۆ دراوە.

هاوکات لە پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان و خووزستان حکوومەت دۆخی نائاسایی ڕاگەیاندووە و شەپۆڵیکی بەخوڕی باران و تەرزە دەبارێت و لە شەوی ڕابردووەوە لە شارەکانی پیرانشار، سردەشت، بانە و سنە و دەوروبەری بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما دابەزیون.












باسنيوز
Top