جەزائیر گەشتی سەرجەم فرۆكە تایبەتەكانی وڵاتەكەی دەوەستێنێت و رێگریش لە چونەدەرەوەی بەرپرسان دەكرێـت

 جەزائیر گەشتی سەرجەم فرۆكە تایبەتەكانی وڵاتەكەی دەوەستێنێت و رێگریش لە چونەدەرەوەی بەرپرسان دەكرێـت
سەرچاوە هەواڵیەكان لە ناوخۆی جەزائیر رایانگەیاند، بە مەبەستی رێگریكردن لە چونەدەرەوەی بەرپرسەكانی ئەو وڵاتە، گەشتی سەرجەم فڕۆكە تایبەتەكان وەستێندراوە.

بەپێێ پێگەی "TSA" كە بڵاوكراوەكانی بە زمانی فەرەنسیە، ئەمڕۆ یەكشەممە دەسەڵاتدارانی جەزائیر رێنماییە نوێیەكانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی هێڵە ئاسمانیەكانی سەرجەم شارەكان ناردوە و بەپێی ئەو رێنماییانە گەشتی سەرجەم فرۆكە تایبەتیەكانی ئەو وڵاتە وەستێندراوە.

بڕیاری وەستاندنی فڕینی فڕۆكە تایبەتەكانی جەزائیر لەمیانی قەیرانە سیاسیەكانی ئەو وڵاتەدایە و بەپێێ سەرچاوە هەواڵیەكانی ناوخۆی وڵاتەكە ئەو بڕیارە بە مەبەستی رێگریكردنە لە بەرپرسان تا وڵات بەجێنەھێڵن.

قەیرانەكانی جەزائیر دوای ئەوەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، سەرۆكی وڵاتی جەزائیر بۆ جاری پێنجەم خۆكاندیدكردنەوەی راگەیاند سەریانهەڵدا و تا ئێستاش خۆپیشاندانەكان لە بەردەوامیدان.

دواتر، بوتەفلیقە رایگەیاند، لەو بڕیارەی دەكشێتەوە و پەیمانیدا بە مەبەستی تێپەڕاندنی دۆخی سیاسی ئەنجومەنێكی نیشتیمانی پێكدەهێنێـت ، بەڵام خۆپیشاندەران بەردەوامبون لە هاتنە سەر شەقامەكان و داوایانكرد گۆڕانێكی ڕاستەقینە لە وڵاتەكەیاندا بكرێـت و ئەو هەنگاوەی بوتەفلیقە-یان بە تێپەڕاندنی داواكاریەكانیان ناوبرد.

لە هەنگاوێكی كتوپڕیشدا، فەرماندە ئەحمەد قاید ساڵح، فەرماندەی باڵای هێزە سەربازیەكانی جەزائیر دوێنێ شەممە ئەو لایەنانەی تۆمەتباركرد كە لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا دژ بە سوپا هەڵمەتێكیان دەستپێكردوە داوایكرد، مادەی 102ی دەستوری وڵاتەكەی كە تێیدا داوای هێشتنەوەی پێگەی سەرۆكایەتی وڵات بە بەتاڵی دەكات، جێبەجێبكرێت.

خۆپیشاندانەكانی جەزائیر 10 ڕۆژ دوای راگەیاندنی خۆكاندیدكردنەوەی بوتەفلیقە، بە مەبەستی چڕكردنەوەی فشارەكان لەسەر عەبدولعەزیز بوتەفلیقە-ی سەرۆكی وڵات و تەواوی دەسەڵاتی حكومڕانی لە بەرواری 16ی شوباتی ئەمساڵدا دەستیپێكرد و تا ئێستاش بەردەوامە.

هەفتەی رابردو، فەرماندە ئەحمەد قاید ساڵح، فەرماندەی باڵای هێزە سەربازیەكانی جەزائیر لە بەردەم لیژنەی دەستوری پەرلەماندا پرسی"ئایا سەرۆكێكی نەخۆش كە تەمەنی 82 ساڵە شایەنی ئەو پێگەیەیە؟"

دواتر ئەو لێدوانەی قاید ساڵح، لە لایەن پارتی ڕزگاری نیشتیمان" كە پارتی دەسەڵاتداری وڵاتەكەیە و پارتی"یەكێتی كرێكاران" پشتگیری لێكرا و ئاماژەیان بەوەكرد، حوكمڕانی بوتەفلیقە ماوەی 20 ساڵە درێژەی كێشاوە و لە كۆتایی نزیكبوەتەوە.

ئەو لێدوانانەی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی جەزائیر و پارتی دەسەڵاتدار، ئاماژەبو بۆ دەسەڵات گرتنەدەستی سوپا تا بۆ ماوەیەكی دیارینەكراو وەكو ماوەیەكی تێپەڕاندن كاروباری وڵات رابپەڕێنن.

دوابەدوای لێدوانەكەی قاید ساڵح، سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەكانی جەزائیر كە ماوەی شەش هەفتەیە بەشێوەیەكی هێمنانە خۆپیشاندانەكان بەڕێوەدەبەن، پلانی دەسەڵات گرتنەدەستی سوپای وڵاتەكەیان رەتكردەوە و داوایانكرد چینی حوكومڕانی وڵات بەیەكجاری بگۆڕدرێت.

هاوكات، عەلی حەداد، یەكێك لەو گەورە بازرگانانەی هاوپەیمانی بوتەفلیقە بو و لە زۆرینەی كاروبارەكانی وڵاتدا هاوكاریكردوە، دەستی لە سەرۆكایەتی "دیداری سەرۆكی دامەزراوەكان"ی جەزائیر كێشایەوە و دوای دەستلەكاركێشانەوەی، لە لایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركرا.

عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، لە تەمەنی 82 ساڵیدایە و ماوەی 20 ساڵە سەرۆكی وڵاتی جەزائیرە، لە ساڵی 2013 دا توشی جەڵتەی مێشك بوە و لەدوای ئەو روداوە دۆخی تەندروستی بە تەواوی تێكچوە و هاوڵاتیانی جەزائیر پێیانوایە چیتر توانای بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی نەماوە.







خەندان-
Top