سوریا داوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات

سوریا داوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات
دوای بڕیارەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەبارەی بەرزاییەكانی جۆلان، حكومەتی سوریا داوای كۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات.

بەپێێ تۆڕی هەواڵی سكای نیوز-ی بریتانی، نێردەی تایبەتی سوریا لە نەتەوە یەكگرتوەكان، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی ئێستای جۆلان و بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، داوای كۆبونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردوە.

پێویستە فەڕەنسا وادەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دیاریبکات


بڕیاربو كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن وڵاتی فەڕەنساوە رێكبخرێت و ئێستا پێویستە لەسەر فەرەنسا بەروارێك بۆ ئەو كۆبونەوەیە رێكبخات.

هەینی رابردو 22ی ئازار بەشار ئەلجەعفەری، باڵیۆزی سوریا لە پەیامێكدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوایكرد "هەنگاوی كرداری بنرێت سەبارەت بە كشانەوەی ئیسرائیل لە بەرزاییەكانی جۆلان بۆ هێڵی چوارەمی مانگی حوزەیرانی ساڵی 1967 تا دڵنیایی لەبارەی رۆڵی بڕیاردانی نەتەوە یەكگرتوەكان بدرێت".

هاوكات بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕۆژی چوارشەممە كۆبونەوەیەك لەبارەی گفتوگۆكردن سەبارەت بە هێزە سەربازیەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان لە بەزاییەكانی جۆلان ئەنجامبدات.

بەپێی یەكێك لە دیپلۆماتەكان، هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتوەكان لەبارەی داهاتوی ئەو هێزەوە كە لە كۆتایی مانگی حوزەیراندا كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی دێت و دەبێت دوبارە بڕیاری لەبارەوە نوێبكرێتەوە لە كۆبونەوەكانی چوارشەممەدا جێگەی سەرنجە.

ئاماژەی بەوەشكرد، مانەوەی ئەو هێزە لەگەڵ سیاسەتی ئێستای ئەمریكادا یەكناگرێتەوە كە جۆلان بە خاكی ئیسرائیل دەزانێت.

هێزی سەربازی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ چاودێریكردنی ناكۆكیەكان (UNDOF) كە پێكهاتوە لە نزیكەی هەزار سەرباز و ساڵانە نزیكەی 60 ملیۆن دۆلار خەرجی هەیە، بەمەبەستی پاراستنی ئاشتی لە ناوچە جێناكۆكەكاندا جێگیردەكرێن و ئەو هێزە لە ساڵی 1974 وە تا ئێستا لە بەرزاییەكانی جۆلان جێگیركراوە.

لە نەتەوە یەكگرتوەكان، ساڵانە لەبارەی هێزەكانی (UNDOF) وە نوێدەكرێتەوە و بڕیارەكەش بەهاوبەشی لەنێوان واشنتن و مۆسكۆدا ئامادەدەكرێـت.

شەوی پێنجشەممە 21ی ئازار، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریکا رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتوە پشتیوانی لە سەروەری ئیسرائیل بکەین لە بەرزاییەکانی جۆلان کە لە جەنگی ساڵی 1967 دا ئیسڕائیل كۆنتڕۆڵیکرد.

دوای 52 ساڵ، کاتی ئەوەیە ئەمەریکا بەتەواوەتی دانبنێت بە سەروەری ئیسرائیلدا


ترەمپ لە تویتێکدا وتی، "دوای 52 ساڵ، کاتی ئەوەیە ئەمەریکا بەتەواوەتی دانبنێت بە سەروەری ئیسرائیلدا لە جۆلان کە گرنگییەکی ستراتیژیی و ئاسایشی هەیە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و سەقامگیری ناوچەکە."

دوابەدوای راگەیاندنەكەی ترەمپ، هەریەك لە روسیا و ئێران و توركیا و وڵاتانی عەرەبی بە گشتی وو یەكێتی ئەورپا و ژمارەیەك لە وڵاتانی دیكە بڕیارەكەی ترەمپ-یان رەتكردەوە و رایانگەیاند، جۆلان خاكی سوریایە و لەلایەن ئیسرائیل-ەوە داگیركراوە.

داواكاریەكەی ترەمپ لەسەر بەرزاییەكانی جۆلان پێشێلكاری راستەوخۆی یاسا نێودەوڵەتیەكانە


وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەوبارەیەوە رایگەیاند، داواكاریەكەی ترەمپ لەسەر بەرزاییەكانی جۆلان پێشێلكاری راستەوخۆی یاسا نێودەوڵەتیەكانەو "لە ناوچەكەدا ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

ئەوە لەكاتێكدایە، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 497ی ساڵی 1981، ئەو داگیركاریەی ئیسرائیل بۆ سەپاندنی یاساكانی و دەسەڵاتی دادوەری و ئیداری وڵاتەكەی بەسەر بەرزاییەكانی جۆلان-دا كە خاكی سوریایە و داگیركراوە، پوچەڵكراوەتەوە كاریپێناكرێت و هیچ شەرعیەتێكی نێودەوڵەتی نیە.

بەرزاییەكانی جۆلان، ناوچەیەكی شاخاوییە لە نێوان باشوری وڵاتی سوریا و باکوری ئیسرائیل-دا، كە بەپێی بەرپرسانی باڵای سوریا، ئیسرائیل لە جەنگی ساڵی 1967دا داگیركردوە و بەپێی ڕێككەوتنێكی نەتەوە یەكگرتووەكان لەنێوان ئیسرائیل و سوریادا لە ساڵی 1974 واژۆكراوە، هەریەك لە سوریا و ئیسرائیل نابێت هێزی سەربازی خۆیان لە هەردو بەری بەرزاییەكانی جۆلان زیاتر بكەن.






خەندان
Top