روسیا: واشنتن جارێکی دیکە یاسا نێودەوڵەتییەكانی پێشێلكردەوە

روسیا: واشنتن جارێکی دیکە یاسا نێودەوڵەتییەكانی پێشێلكردەوە
وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا رایگەیاند، بەواژۆکردنی بڕیاری ناساندنی بەرزاییەکانی جۆلان وەک خاکی ئیسرائیل، واشنتن جارێکی دیکە یاسا نێودەوڵەتییەكانی پێشێلكردەوە.

دمیتری پێسكۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (كرملین) لە لێدوانێکدا رۆژنامەنوسان لەبارەی واژۆکردنی بڕیاری ناساندنی بەرزاییەکانی جۆلان لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە رایگەیاند، "بەنیگەرانییەوە سەیری ئەو بڕیارە دەكەین، كە دەرەنجامی نەرێنیی لێدەكەوێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەواژۆکردنی ئەو بڕیارە واشنتن هەنگاوێكی دیكەی ناوە كە یاسا نێودەوڵەتییەكانی پێشێلكردووە".

شەوی 25ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا واژۆی بەسەر ناساندنی بەرزاییەکانی جۆلان وەک خاکی ئیسرایل کرد، ئەوەش دوای ئەوەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی واشنتن-ی کرد.

دوای واژۆکردنی راگەنراوی فەرمی ناساندنی بەرزاییەکانی جۆلان وەک بەشێک لەخاکی ئیسرائیل لەلایەن ترەمپەوە، هەریەک لە روسیا و سوریا ئیدانەی بریارەکەیان کرد و نەتەوە یەکگرتوەکانیش رایگەیاند، دۆخی جۆلان لەروی یاساییەوە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتوە.

بەرزاییەکانی جۆلان لەساڵی 1967 ەوە پاش شەڕێکی شەش رۆژە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دراوسێ، لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەرداگیراوە و دواتر ئیسرائیل بڕیاری زیاتر دەستبەسەراگرتنی ناوچەکەی دەرکرد و بڕیارەکەش لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە رەتکرایەوە.











خەندان
Top