لووتکەی عەرەبی ئەمڕۆ لە تونس کارەکانی دەستپێدەکات

 لووتکەی عەرەبی ئەمڕۆ لە تونس کارەکانی دەستپێدەکات
لووتکەی عەرەبی ئەمڕۆ سێشەممە لە تونس دەست بە کارەکانی دەکات و بڕیارە لووتکەکە پرسی ئاوارەکان لە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت لە عێراق تاوتوێ بکات.

مەحموود عەفیفی، گوتەبێژی ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی لە دیدارێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "پڕۆژەی کارنامەی لووتکەکە تاوەکو ئێستا نزیکەی 20 پرس و کەیسی تێدایە".

عەفیفی گوتیشی "بڕگەیەک هەیە پەیوەندی بە ئاوارەکانەوە هەیە لە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت ئاوارەکانی عێراق و لەسەر داوای عێراق ئامادەکراوە، بڕگەی دەستوەردانی تورکیاش لە باکووری عێراق یەکێکە لە بڕگە هەمیشەییەکان لە کۆبوونەوەکە".

باڵوێز مەحموود عەفیفی ئاشکراشی کرد، ''ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و فێدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و موسا فەقی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەفریقا و یوسف عوسەیمین، ئەمینداری گشتی کۆنگرەی ئیسلامی لە لووتکەکەی تونس ئامادە دەبن".

گوتەبێژی ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی ئاماژەشی کرد "پرسی گەڕانەوەی سووریا لە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی بەفەرمی باسنەکراوە، بابەتی گەڕانەوەی سووریا لە کارنامەی کارەکان نییە و هیچ لایەنێک بەفەرمی نەیخستووەتەڕوو".






رووداو
Top