تێچووی شەڕی ناوخۆیی سووریا 327 ملیار دۆلارە
پرۆگرامی ئەجێندای نیشتمانی بۆ داهاتووی سووریا، کە پسپۆڕانی سووری و نێودەوڵەتی لەژێر سایەی لێژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئابووریی و کۆمەڵایەتیی رۆژئاوای ئاسیا (ئەسکوا) کاری تێدا دەکەن، لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، زیاتر لە %30 وێرانکارییەکان، کەرتی خانوبەرەی سووریای گرتووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا، ئەو لێژنەیە ئاماژەی بەوە کردووە، کە تێچووی شەڕ و وێرانکارییەکانی شەش ساڵی شەڕی ناوخۆیی سووریا 327 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
باسنيوز