جەنەڕالێکی ئێرانی لەسەر سنووری سووریا کوژرا

جەنەڕالێکی ئێرانی لەسەر سنووری سووریا کوژرا
جەنەڕالێکی سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر سنووری نیوان عێراق و سووریا کوژرا و سوپای پاسدارانیش بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە.



بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (فارس)، سوپای پاسداران لە پارێزگای گوڵستان لە باکووری ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، جەنەڕال مستەفا خۆش محەمەدی، فەرماندەیەکی لیوای 45ـی سوپای پاسداران ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 10\8\2017 لە سەر سنووری نێوان عێراق سووریا کوژراوە.



لە بەیاننامەکەدا، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە جەنەڕال مستەفا خۆش محەمەدی، کە بەرگریی لە ”مەزارەکانی ئالوبەیت لە سووریا دەکرد“، بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا کوژراوە.



بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ئەو جەنەڕالە ئێرانییە سەرپەرشتیی گرووپێکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکرد.



دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، پێکهاتەی سوننەمەزهەب پێیان وایە ئێران لەرێی حزبە شیعییەکانەوە دەستی بەسەر حوکمڕانیی عێراقدا گرتووە و لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاشەوە لە مانگی ئاداری 2011، بە ناردنی میلیشیا و چەک و تەقەمەنی، هاوکاریی رژێمی سووریا دەکات.



باسنيوز
Top