ئەمریکا و ژاپۆن وەڵامی هەڕەشەکەی کۆریای باکوور لەبارەی دوورگەی گوام دەدەنەوە

 ئەمریکا و ژاپۆن وەڵامی هەڕەشەکەی کۆریای باکوور لەبارەی دوورگەی گوام دەدەنەوە
کۆریای باکوور هەڕەشەی موشەکبارانکردنی دوورگەی گوام-ی ئەمریکا دەکات. وەزیری بەرگریی ژاپۆنیش رایگەیاند، ئەگەر کۆریا مووشەک ئاراستەی دوورگەکە بکات، ئەوا مووشەکە دەکەنە ئامانج. وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، هەڕەشەکانی کۆریای باکوور جێگەی مەترسی نین.

کۆریای باکوور هەڕەشەی کردووە چوار مووشەکی بالیستیکی کە خاوەنی کڵاوەی ناوەکین، ئاراستەی دوورگەی "گوام بکات، کە بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمریکای لێیە.

خەڵکی دوورگەی گوام لە هەڕەشە و گوڕەشەکانی کۆریای باکوور تۆقیون، بەرپرسانی ناوچەکەش دڵنیایی دەدەتە خەڵکەکەی کە ئاستی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور بەو جۆرە مەترسیدار نین.

ئێدی کالڤۆ، پارێزگاری گوام بە میدیاکانی راگەیاند، لە نزیکەوە لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانی تاوتوێی رێگاچارەکان دەکات بۆ رێگریکردن لە هەڕەشەکانی کۆریای باکوور.

گوام دوورگەیەکە لە زەریای هێمن و دەکەوێتە نیوان ئەمریکای باکوور و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا، زۆرینەی دانیشتووانی بە رەچەڵەک ئەمریکین و رووبەڕەکەی 210 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

ژمارەی دانیشتووانی 159 هەزار کەسە، ترس هەیە گەر بەر مووشەکە ناوەکییەکانی کۆریای باکووری بکەوێت، دوورگەکە بە تەواوی وێرانبێت.

دوێنێ چوارشەممە 9-8-2017 رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ دڵنیاییدان سەردانی دوورگەکەی کرد.

تیلەرسن رایگەیاند، هەڕەشەکانی کۆریای باکوور جێگای مەترسی نین و دۆناڵد ترەمپیش بە زمانێکی تووند پەیامەکەی ئاراستەکردووە چونکە کۆریای باکوور بە زمانی دیپلۆماسی تێناگات.

تیلەرسن دەڵێت، ئەو سیاسەتەی ئەمریکا دژ بە کۆریای باکوور سەری گرتووە و کاری خۆی دەکات.

ئەو ترس و دڵەڕاوکێییە لەکاتێکدایە، کۆریای باکوور لەبەرامبەر ئەو گەمارۆیانەی بەسەریدا سەپاون، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا دەکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش وەڵامی پیۆنگیانگی دایەوە و گوتی، "ئەگەر چیدی هەڕەشە لە ئەمریکا بکات، کۆریای باکوور دەکەینە یەک پارچە ئاگر".

سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی ئاسایش بە زۆرینەی دەنگ پاکێجێکی نوێی گەمارۆی بەسەر کۆریای باکوور سەپاند. ئەو سزایانە کاردانەوەی توندی پیۆنگیانگی لێکەوتەوە، کۆریای باکوور لەبەرامبەر سزاکان هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا دەکات.

لەبارەی هەمان پرس، وەزیری بەرگریی ژاپۆن رایگەیاند، ئەو مووشەکەی کۆریای باکوور بەتەمایە دوورگەی گوامی پێ بپێکێت، دەکەنە ئامانج.

ئیتسۆنوری ئونودرا، وەزیری بەرگریی ژاپۆن راشیگەیاند، وڵاتەکەی مافی ئەوەی هەیە مووشەکەکەی کۆریای باکوور بکاتە ئامانج. جەختیشی کردەوە، هەر مووشەکێک لە لایەن کۆریای باکوورەوە بۆ بنکەکانی ئەمریکا بهاوێژرێت، ژاپۆن دەیکاتە ئامانج، چونکە بە مەترسی لەسەر خۆی دەزانێت.




رووداو
Top