ساڵوەگەڕی بۆمبارانکردنی هێرۆشیما بە چەکی ناوەکی دەکرێتەوە

ساڵوەگەڕی بۆمبارانکردنی هێرۆشیما بە چەکی ناوەکی دەکرێتەوە
لە یابان یادی ساڵوەگەڕی بۆمبارانکردنی شاری هێرۆشیما بە چەکی ناوەکی لەلایەن سوپای ئەمریکاوە، دەکرێتەوە.

لە رێوڕەسمەکەدا، کە شینزۆ ئابێ، سەرۆک وەزیرانی یابان، نوێنەری 80 دەوـلەتی جیهان و زیاتر لە 50 هەزار قوربانیی رووداوەکە و نەوەکانیان ئامادەی بوون، تاجە گوڵینە لەسەر گڵکۆی قوربانییانی رووداوەکە دانرا و سروودی نەتەوەیی یابان گوترا.

لە رۆژی 6ـی ئابی 1945، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکا، بە فەرماندەیی کۆڵۆنێل پۆڵ تیبیتس بۆمبێکی ناوەکی لەسەر شاری هێرۆشیما خستە خوارەوە، کە بووە هۆی وێرانبوونی %90ـی شارەکە، جگە لە گیان لەدەستدانی زیاتر لە 80 هەزار کەس و برینداربوونی 90 هەزار کەسی دیکە.

دوای سێ رۆژ لە بۆردومانکردنی هێرۆشیما بە چەکی ناوەکی، سوپای ئەمریکا بۆمبێکی دیکەی ناوەکی لە شاری ناکازاکیی یابان خستە خوارەوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 75 هەزار کەس.

هاوشێوەی کۆمەڵکوژیی یابانییەکان لەلایەن سوپای ئەمریکاوە، رژێمی بەعسی عێراق لە 16ـی ئاداری 1988 بە چەکی کیمیاوی شاری هەڵەبجەی لە کوردستان بۆمباران کرد، کە بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار ژن و منداڵی شارەکە گیانیان لەدەست دا.









باسنيوز
Top