ئێران.. مانگی ڕابردوو 100 کەس لەسێدارە دراون
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە لەبارەی تۆماری حاڵەتەکانی لەسێدارەدان چالاکە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ئاشکرای کردووە لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا 100 بەندکراو لە گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە زۆربەیان بە نهێنی بوون و تەنیا هەشت حاڵەتیان لە ڕاگەیەنە فەرمییەکانی حکوومەتەوە بڵاو کراونەتەوە.
61 کەس لەوانەی لەسێدارە دراون، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان و 34 کەسی دیکەش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و دوو کەسیش بە تۆمەتی دزیی چەکدارانە و دوو کەسی دیکەش بە تۆمەتی دەستدرێژی و کەسێکی دیکەش تۆمەتەکەی نادیار بووە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، زۆربەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران ناو و ناسنامە و هۆکاری لەسێدارەدانیان ڕاناگەیەندرێت.
ئەم ئامارە ناکرێ وەک ئاماری دروست و ڕێژەی تەواوەی ئەو کەسانەی کەلە ئێران لە یەک مانگدا لەسێدارە دراون لەقەڵەم بدرێت، چونکە سانسۆری میدیایی و نهێنی بوونی حاڵەتەکانی سێدارە لە ئێران هۆکارە بۆ نەبوونی ئامارێکی دروست لە ڕێژەی سێدارە لە ئێران.
بەپێی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی رابردووی زاییندا لە گرتووخانەکانی ئێران زیاتر لە 20 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون.
باسنيوز