ئەمەریکا کوژرانی چەند سەرکردەیەکی دیکەی داعشی پشتڕاست کردەوە

 ئەمەریکا کوژرانی چەند سەرکردەیەکی دیکەی داعشی پشتڕاست کردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا کوژرانی چوار سەرکردەی باڵای دیکەی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان پشتڕاست کردەوە، کە لە ھێرشە ئاسمانییەکەی رۆژی 11/7/2017، لە باکووری ڕۆژھەڵاتی ئەفغانستان کە بووە ھۆی کوژرانی باڵاترین سەرکردەی گرووپە تیرۆریستییەکە.

پەیجی دژەتیرۆری کوردستان، بڵاوی کردووەتەوە کە بەگوێرەی ھەواڵێکی ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا، ھێرشە ئاسمانییەکەی 11/7/2017 دەستەی بەڕێوبەرایەتیی داعشییان کردە ئامانج لە ھەرێمی کونار کە لەسەر سنووری پاکستانە و لە ئەنجامدا ئەبو سەیدی سەرکردەی داعش، لە ھەرێمی خوراسان کوژرا.

بەیاننامەیەکی سەربازیی ئەمریکا، لیستی ناو و پلەی چوار تیرۆریستەکەی بڵاوکردەوە کە ھەموویان سەرکردە و ڕاوێژکاری رێکخراوی تیرۆریستی داعش بوون، شێخ زیاوڵلا، مەولاوی حوبەیب، حاجی شیروڵا و ئەسەدوڵلا لە لیستی ناوەکاندا بوون.

دوای ھێرشەکە لەو کاتەدا ئەمەریکا توانی کوژرانی سەید پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام یەکسەر نەیتوانی وردەکاری لەسەر کوژرانی سەرکردەکانی تر دەست بکەوێت.










باسنيوز
Top