نووسەرێکی فەلەستینی: کورد مافی خۆیەتی خاوەن دەوڵەت بێت

 نووسەرێکی فەلەستینی: کورد مافی خۆیەتی خاوەن دەوڵەت بێت
نووسەرێکی فەلەستینی پێیوایە گەلی کوردستان مافی خۆیەتی خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ بێت.

یوسف عەلاوینە، نووسەری ناوداری ئوردنی-فەلەستینی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاندووە، گەلی کورد لە هەر چوار وڵاتی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا ستەمیان لێکراوە و بەهۆی کوردبوونیانەوە، بەردەوام گوشاریان خراوەتە سەر و ناچارکراون خۆیان بە تورک، فارس و عەرەب بزانن.

یوسف عەلاوینە پێیوایە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ”ئێران وێران دەکات و تورکیاش بێهێز دەکات“ و لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا هێرشێکی توند دەکاتە سەر ئێران.

ئەو نووسەرە باسی شانازیکردنی عەرەب و فەلەستینییەکان بە سەڵاحەدین ئەییوبییەوە دەکات و رایدەگەیەنێت، سەڵاحەدین کورد بووە و شانازیکردنی عەرەبیش بەو سەرکردە ئیسلامییە کوردە نیشانەی ”نزیکیی کورد و عەرەبە“، لەکاتێکدا ”فارس و ئێرانییەکان جوێن بەو سەرکردەیە دەدەن“.

یوسف عەلاوینە روو لە عەرەبەکان دەکات و لێیان دەپرسێ، بۆ ئێوە خاوەنی دەوڵەت بن و کورد دەوڵەتی نەبێت، کورد ”خاوەن خاکە و گەلێکی 54 ملیۆنییە و شایستەی دەوڵەتە“.











باسنيوز
Top