ترەمپ تیمێكی نوێ بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران پێكدێنێ

 ترەمپ تیمێكی نوێ بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران پێكدێنێ
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی سازكرد، پاش ئەو كۆبوونەوانە بۆی دەركەوتووە وەزارەتی دەرەوە ناتوانێ بژارەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران بە كراوەیی بهێڵێتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی تایبەتی گۆڤاری (فۆرین پۆڵسی)، ترەمپ دوای كۆبوونەوە لەگەڵ رێكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بڕیاری داوە تیمێك لە كەسانی جێی متمانەی خۆی لە كۆشكی سپی پێكبهێنێ‌ بۆ ئەوەی لە راپۆرتی 90 رۆژی داهاتوودا سەبارەت بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ڤیەننا متمانە لە پابەندبوونی ئێران بە رێككەوتنەكە بستێننەوە، یان هیچ نەبێت ئەو بژارەیە بە كراوەیی بهێڵێتەوە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە كۆشكی سپی بە گۆڤارە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە "سەرۆك تیمێكی لە ستافی كۆشكی سپی پێكهێناوە تاوەكو لە راپۆرتی 90 رۆژی داهاتوویاندا چاو بە پابەندبوونی ئێران بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا بخشێننەوە و لە راپۆرتەكەیاندا متمانە لە ئێران وەربگرنەوە. پێشتر ترەمپ ئەو ئەركەی بە تیلەرسن و وەزارەتی دەرەوە دابوو".

بەپێی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و گرووپی 5+1، حكومەتی ئەمریكا هەموو 90 رۆژ جارێك راپۆرتێك سەبارەت بە ئاستی پابەندبوونی ئێران بە رێككەوتنەكە پێشكەش بە كۆنگرێس دەكەن و لەوێوە هەڵوێستی حكومەت و كۆنگرێسی ئەمریكا بەرامبەر بە رێككەوتنەكە دیاری دەكرێت. لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا ئەركی چاوخشاندنەوە بە ئاستی پابەندبوونی ئێران بە رێككەوتنەكەی تەمووزی 2015 لەئەستۆی وەزارەتی دەرەوە بووە.

لە كاتی دەستبەكاربوونی ترەمپەوە دوو جار چاوپێداخشاندنەوە بە ئاستی پابەندبوونی ئێران كراوە كە یەكەمیان لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بووە، دووەم جاریشیان هەفتەی رابردوو بوو. لە راپۆرتەكەی هەفتەی پێشوودا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند كە ئێران پابەند بووە بە رێككەوتنەكەوە. هەر دوو جارەكەش كۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی كۆشكی سپی و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە گرژ بووە.

سەرچاوەكەی كۆشكی سپی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە پەیامی سەرۆكی ئەمریكا دیارە و نایەوێت لە 90 رۆژی داهاتوودا هەمان ئەنجامی دوو راپۆرتەكەی پێشوو ببینێت. بەگوتەی سەرچاوەكە، بەم هەنگاوە "سەرۆك بە كۆشكی سپی دەڵێت كە دەیەوێت لە 90 رۆژی داهاتوودا متمانە لە پابەندبوونی ئێران وەربگیرێتەوە. ئێستاش ئەركی ئەو تیمەیە ئەم كارە بۆ ترەمپ بكەن".

گۆڤارە ئەمریكییەكە لەگەڵ سێ سەرچاوە قسەی كردووە كە داوایان لێكراوە لە پرۆسە نوێیەكەدا بەشداری بكەن، یان ئاگاداری هەڵوێستی ترەمپن سەبارەت بە پابەندبوونی ئێران. هەر سێ سەرچاوەكە باسیان لەوە كردووە سەرۆكی ئەمریكا دەیەوێ پرۆسەكە لە دەرەوەی وەزارەتی دەرەوە بێت، چونكە ئەو وەزارەتە لە دوو راپۆرتەكەی پێشوویدا هیچ بژارێكی بۆ ترەمپ نەهێشتبووەوە بۆ ئەوەی بناغەیەك بۆ داهاتوو دابنێ.

بەگوتەی سەرچاوەكان، لە كاتی ئامادەكردنی دوایین راپۆرت لەبارەی ئاستی پابەندبوونی ئێران، ترەمپ داوای لە تیلەرسن كردبوو بناغەیەك دابنێن تاوەكوو لە داهاتوودا متمانە لە پابەندبوونی ئێران بەرێككەوتنەكە بسەندرێتەوە، بەڵام دوای بینینی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوە، ترەمپ بۆی دەركەوت تیلەرسن ئەو كارەی پێناكرێت.

بڕیارە ئەم هەفتەیە سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ ئەو ستافە كۆببێتەوە كە بۆ ئەركە نوێیەكە دەستنیشانی كردوون، بڕیاریشە هەتا ئەوكات وردەكاریی پلانەكەیان بۆ ئاشكرا نەكرێت.

سەرچاوەیەك كە ئاگاداری كۆبوونەوەكەی ئەم هەفتەیەی نێوان ترەمپ و تیمە نوێیەكەیە، بە (فۆرین پۆڵسی) گوتووە "ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی لە 90 رۆژی داهاتوودا بڵێت ئێران پابەندی رێككەوتنەكە نەبووە".

پێشتریش میدیای ئەمریكی ئاشكرایان كردبوو ناكۆكییەكی زۆر لەبارەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران لە نێوان كۆشكی سپی و وەزارەتەكانی دەرەوە و بەرگری و ژمارەیەك لە فەرماندەكانی سوپای ئەمریكیدا هەیە. ترەمپ و ژمارەیەك لە راوێژكار و یاریدەدەرەكانی پێیانوایە دەبێ پێداچوونەوەیەكی بنەڕەتی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا بكرێت كە تێیدا سیستەمی مووشەكی باڵستیكی ئێران و هەوڵەكانی ئێران بۆ تێكدانی سەقامگیری ناوچەكەش وەكوو خاڵ و مەرج ببەسترێتەوە بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە. وەزارەتی دەرەوە و پێنتاگۆن سوورن لەسەر ئەوەی پێویستە ئەمریكا پابەندبێت بە رێككەوتنەكە ئەتۆمییەكە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رادەستی كۆشكی سپی كرابوو، ترەمپ دەبووایە واژۆ لەسەر راپۆرتەكە بكات كە تێیدا هاتبوو ئێران مەرجەكانی پابەندبوون بە رێككەوتنەكەی جێبەجێكردووە. لای نیوەڕۆی هەمان رۆژ ترەمپ دوودڵ ببوو و بۆ پاش نیوەڕۆكەی كۆبوونەوەیەكی دیكەی لەگەڵ تیلەرسن رێكخستبوو كە تێیدا ستیڤ بەنۆن، داریژەری ستراتیژی ترەمپ و سێباستیەن گۆركا، جێگری یاریدەری سەرۆك بەشدار بوون.

بەپێی راپۆرتی گۆڤارە ئەمریكییەكە لەو كۆبوونەوەیەدا رەخنەیان لە راپۆرتەكە گرتبوو و داوایان لە تیلەرسن كردبوو روونی بكاتەوە "پەسندكردنی ئەو راپۆرتە و راگەیاندنی پابەندبوونی ئێران بە مەرجەكانی رێككەوتنەكە چی قازانجێكی بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا هەیە". سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكەش ئاشكرای كردووە "تیلەرسن هیچ وەڵامێكی بۆ ئەو پرسیارە نەبووە، كاتێكیش ترەمپ داوای روونكردنەوەی دەكرد، تیلەرسن بە وەڵامەكانی سەرۆكی تووڕەتر دەكرد".

ئار سی هامۆند، راوێژكاری پەیوەندییەكانی تیلەرسن، ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە و دەڵێت "هەموو ئەوانەی لە كۆبوونەوەكە بوون لەگەڵ وەڵامەكانی وەزیری دەرەوە هاوڕا نەبوون، بەڵام سەرۆك ترەمپ پێزانینی هەبوو كە وەزیری دەرەوە زانیاری روونی پێدەدات".

یەكێك لە سەرچاوە ئاگادارەكان هۆكاری تووڕەیی ترەمپ بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە "90 رۆژ لەمەوبەر سەرۆك داوای لە وەزارەتی دەرەوە كردبوو لە راپۆرتەكەیاندا بناغەیەكی وەها دابنێن كە ترەمپ كۆمەڵێك بژارەی جیاوازی بۆ بڕیاردان سەبارەت بە رێككەوتنەكە لەبەردەست بێت. تیلەرسن نەیتوانی ئەمە بكات و ترەمپیش متمانەی پێی نەماوە بتوانێ لە داهاتووشدا بیكات، بۆیەش تیمێك لەو ستافەی پێكهێناوە كە جێی متمانەی خۆین".

لە كاتی ئامادەكردنی راپۆرتەكەی مانگی نیساندا، دۆناڵد ترەمپ داوای لە وەزیری دەرەوە كردبوو بۆ ئامادەكردنی راپۆرتەكە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا قسە بكات و دڵنیا بێت لەوەی لە راپۆرتەكەدا نیگەرانییەكانی ئەوانیش پشتگوێ نەخراوە. بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان "تیلەرسن ئەمەی نەكرد. بۆیەش متمانەی سەرۆكی لەدەست دا".

بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرای كرد "تیلەرسن دەیەوێت هاوسەنگییەك لە نێوان بۆچوونی توندئاژۆكانی كۆشكی سپی و هەوڵدان بۆ پاراستنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە رابگرێ، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە تیلەرسن هەتا كەی دەتوانێ ئەم هاوسەنگییە رابگرێت؟".


رووداو
Top