ئەمریکا: لە چارەسەریی کێشەی سووریا ئاسایشی تورکیا لەبەرچاو دەگرین
جەنەڕال جۆزێف دانفۆرد، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا لە میانی کۆنگرەیەکی ئاسایشی لە ویلایەتی کۆلۆڕادۆی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە: هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) شیری دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکات.
جەنەڕال جۆزێف دانفۆرد هەروەها رایگەیاندووە: ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدا بۆ رەواندنەوەی ”ترسەکانی تورکیا لە پشتگیریکردنی ئەمریکا لە هەسەدە“ و لە ئەگەری هەر چارەسەرێکیش بۆ کێشەی سووریا، ”ئاسایشی تورکیا لەبەرچاو دەگیرێت“.
هەسەدە بە پاڵپشتیی ئەمریکا لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان و هێزە لۆکاڵییەکانی ناوچەکە دروست بووە. ئەرکی سەرەکیی ئەو هێزە رزگارکردنەوەی شاری رەققەیە لە سووریا، کە داعش وەک پایتەختی خەلافەتەکەی دەستنیشانی کردووە.
بەهۆی پشتیوانیکردنی هەسەدە لەلایەن ئەمریکاوە، پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا گرژیی و ئاڵۆزییان تێکەوتووە، چونکە تورکیا هەسەدە و یەپەگەی بە رێکخراوی تیرۆریستی ناساندووە.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
باسنيوز