دۆناڵد ترەمپ: قودس بە پایتەختی ئیسرائیل دەناسێنم‎

دۆناڵد ترەمپ: قودس بە پایتەختی ئیسرائیل دەناسێنم‎
کاندیدی کۆماریەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل کۆبووەوەو بەڵێنیدا ئەگەر وەکو سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێت شاری قودس وەکو پایتەختی ئیسرائیل دەناسێنێت.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ترەمپەوە ڕایگەیاند " کۆبوونەوەکەی دوێنێ یەکشەممەی ترەمپ و ناتانیاهو لە بورجی ترەمپبووە لە نیویۆرک و زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاندووە ، ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا بە ناتانیاهوی ڕاگەیاندووە، لە ژێر ئیدارەی خۆیدا ئەمەریکا "شاری قودس بە پایتەختێکی جیانەکراوەی ئیسرائیل دەناسێنێت " کە ئەمەش گۆڕانکاریەکە لە سیاسەتی ئێستای ئەمەریکادا.

دواتر ناتانیاهو بە جیا لەگەڵ هیلاری کلینتۆن کاندیدی دیموکراتیەکان کۆبووەوە و کەمپینی کاندیدەکە لە بەیانامەیەکدا بڵاویکردەوە کلینتۆن لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە پەیوەندی نێوای ئەمەریکاو ئیسرائیلەکردووەتەوەەو ئاماژەی بە پلانەکانی داهاتووی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا داوە.

کەمپینی هەڵبژاردنەکانی کلینتۆن ئاماژەی بەوەشکردووە "کلینتن جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ناکۆکیەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین کردووەتەوە کە ببێتە هۆی بنیادنانی وڵاتێکی دیموکراسی و ئاسایش بۆ جولەکەکان و سنورەکانی وڵاتەکە بناسرێت و فەڵەستینیش وڵاتێکی سەربەخۆبێت و سەروەری خاکەکەی پارێزراوبێت.

کلینتۆن دەستوەردانی لایەنە دەرەکیەکان و نەتەوەیەکگرتووەکانی لەدۆزینەوەی چارەسەری دۆخی ئیسرائیلدا ڕەتکردەوە .

ئەمە لە کاتێکدایە ئیسرائیل شاری قودس بە پایتەختی وڵاتەکەی تەماشادەکات و ژمارەیەک وڵاتی دیکە لە نێویاندا ئەمەریکا پشتگیری دەکەن و ژمارەیەکی زۆر لە ولاتەکان باڵیۆزخانەیان لە شاری تەلئەبیبی ئیسرائیل هەیە.
هاوکات فەڵەستین دەیەوێت ڕۆژئاوای قودس بکرێتە پایتەختی وڵاتەکەی کە لە جەنگی ساڵی ١٩٦٧دا لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنتڕۆڵکراوە.








سەرچاوەكان
Top