بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە ٩٢ هاوڵاتی مەدەنی لە حەلەب کوژران

بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە ٩٢ هاوڵاتی مەدەنی لە حەلەب کوژران
لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای سوریا و ڕوسیا بۆ سەر شاری حەلەب ٩٢ هاوڵاتی کوژران و دەیانی تریش بریندار بوون.

نەجیب ئەنساری یەکێک لە بەرپرسانی بەرگری شارستانی شاری حەلەب بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە، بۆردومانی فڕۆکەکانی سوپای سوریا و ڕوسیا بە درێژایی دوێنێ ٢٤ی ئەیلولی ٢٠١٦ بەردەوام بووە.

ئەوەشی وتووە، ژمارەی ئەو کەسانە کە لە ئەنجامی ھێرشە ئاسمانییەکانەوە لە حەلەب کوژراون ٩٢ کەس بووە، لەدوای هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستەکەش لە ١٩ی مانگدا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٣٥٩ کەس.

هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ڕەوشی سوریا کۆببێتەوە و تاوتوێی چڕبوونەوەی پێکدادانەکانی ئەم چەند ڕۆژەی شاری حەلەب بکات، کە بووەتە هۆی کوشتنی سەدان کەس و بێبەشکردنی نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە ئاوی خواردنەوە.

هەرچەندە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ئەیلول ئەمەریکا و ڕوسیا لەسەر سوریا گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەست، بەڵام تەنها حەوت ڕۆژی خایاند و دواتر پێکدادانەکان لە سوریا و بە تایبەت حەلەب دەستیپێکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای سوریا هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستەکەی ڕاگەیاند، لە ئێستاشدا هەوڵی گرتنەوەی ئەو ناوچانە دەدات کە لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆندان.



خەندان
Top