کۆنگرێسی ئەمەریکا دوو بڕیارنامەی نوێی لەدژی ئێران پەسند کرد

 کۆنگرێسی ئەمەریکا دوو بڕیارنامەی نوێی لەدژی ئێران پەسند کرد
سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕژێمی ئێران، هەروەها دانی پارەی نەخت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن واشنتۆنەوە، کۆنگرێسی ئەمەریکا دوو بڕیارنامەی نوێی لەدژی ئێران دەرکرد.

ماڵپەڕی فەرمی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە لە دوایین دانیشتنیاندا دەنگی ئەرێنییان بە گەڵاڵەی پێشنیاری کۆماریخوازەکان لە پەیوەندی لەگەڵ مەحکوومکردنی پیشێلکاری مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت بۆ سەر بەهاییەکانی ئێران داوە.

ئەم گەڵاڵە کە لەلایەن "ئێلینارز لێهیتنێن" پێشنیار کرابوو، باس لە مەحکوومکردنی نادادپەروەرییەکان بەرامبەر بە کەمینە مەزهەبییەکان بەتایبەت بەهاییەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەکات.

لەمبارەوە سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێس وتوویەتی: "من شانازی بەوە دەکەم کە بۆ پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامە هاودەنگم لەگەڵ هاوکارەکانم و ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ پشتیوانیی ئێمە لە هەموو ئەو ئێرانییانەی کە خوازیاری ئازادی و دیموکراسین."

لەلایەکی دیکەشەوە کۆنگرێسی ئەمەریکا شەوی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو بریارنامەیەکی پەسند کرد کە تێیدا هاتووە دەوڵەتی ئەمەریکا ئیزنی دانی پارەی نەخت بە کۆماری ئیسلامی ئێرانی نییە، چونکە هیچ قازانجێک بە ئێمە ناگەیەنێت.

ئەم بڕیارنامە پاش ئەوە هاتە ئاراوە کە دەوڵەتی ئۆباما لە پاش ڕێککەوتنی ناوکی بڕی 400 میلیۆن دۆلار پارەی نەختی ڕادەستی ڕژێمی تاران کرد تاکوو لە بەرانبەردا 4 زیندانی ئەمەریکایی ئازاد بکرێن.

ئەم بڕیارنامە بە 254 دەنگی ئەرێنی لە بەرانبەر 163 دەنگی نەرێنی پەسند کرا.













باسنيوز
Top