ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارێكی نوێ لەبارەی ئاسایشی جیهان دەردەكات
بڕیارنامەکە بە مەبەستی "ئاشکراکردنی ھێرشی تیرۆریستی و رێگریکردن لێی" و گرتنی رێوشوێنی زیاتر لە فڕۆکەخانەکان دەرکراوە کە بەکۆی دەنگ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا.
بەپێی بڕیارنامەکە، گشت وڵاتان رێوشوێنی زیاتر لە بینای فڕۆکەخانەکان دەگرنەبەر و لەبارەی ئەگەری ھەڕەشەکاندا ئاڵۆگۆڕی زانیاری دەکەن و لیستی گەشتیارانیش لەلایەن بەرپرسانی نیشتمانییەوە دابین دەکرێت.
لە بڕیارنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی لەبارەی زەرەر و زیانی گیانی و مادی گەورە لەسەر گەشتیاران لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە ھەیە کە فڕۆکەخانەکان وەک شوێنێکی گونجاو دەبینین.
بڕیارنامەکە بە یەکەم بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش دادەنرێت کە لە بەرامبەر زیادبوونی نیگەرانی نێودەوڵەتی بۆ ھێرشەکانی تایبەت بە فڕۆکە و فڕۆکەخانەکان دەرکراوە.
باسنيوز