وەزیری بەرگری بەریتانیا: لەشەڕی دژ بە داعش لە یارمەتیدانی پێشمەرگە بەردەوام دەبین

 وەزیری بەرگری بەریتانیا: لەشەڕی دژ بە داعش لە یارمەتیدانی پێشمەرگە بەردەوام دەبین
ئەمڕۆ، لە سەلاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی بەریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و نێردەی تایبەتی حكوومەتی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ، پێنج شەممە 22/9/2016 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، پێشوازی لە مایكڵ فاڵۆن، وەزیری بەرگریی بەریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە فرانك بەیكر، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و جەنەڕاڵ تۆم بەكێت، نێردەی تایبەتی حكوومەتی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگریی بریتانیا.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی بەریتانیا، بارزانی لە بۆچوونی وڵاتەكەی لەبارەی شەڕی داعش و هاوكاریكردنی پێشمەرگە ئاگادار كردەوە و ڕایگەیاند: "بەریتانیا لە شەڕی تیرۆریستانی داعش، لە مەشق و ڕاهێنان و پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و پێدانی ڕاوێژ بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت".

هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە بەریتانیا پلانی بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بە ئاوارەكان هەیە و هاوكات ستایشی هێزی پێشمەرگەیشی كرد كە ئازایەنە پێكهاتەكانیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراستووە و قوربانیان داوە.

لەبەرانبەردا بارزانی، سوپاسی بەریتانیای كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، هاوكار و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە و سەردانی وەزیری بەرگریی بەریتانیاشی بە گرنگ و جێگەی بایەخ وەسف كرد.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بە وردی بیروڕا لەبارەی بایەخی ئازادكردنی مووسڵ ئاڵوگۆڕ كرا، باسی ئامادەكارییەكانی ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی كرا.

قۆناغی دوای داعش و مەترسی و تەحەدیاتەكانی ئەو قۆناغە و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەكان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، هەردوولا جەختیان لە دابینكردنی سەقامگیری و ئاسایش و گەرەنتیكردنی ژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا كردەوە.







باسنيوز
Top