لە ئەنقەرە هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل

لە ئەنقەرە هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل
نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 21-9-2016 لایەنی کەم کەسێک، کە ناسنامەکەی نەزاندراوە، بەچەقۆ هێرشکردە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەنقەرە، هێرشبەرەکە لەلایەن پاسەوانەكانەوە کوژرا و پاسەوانێکیش برینداربوو.

میدیا تورکییەکان، سەرەتا بڵاویانکردەوە، کە گوایە دوو چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر باڵیۆزخانە و یەکێکیان کوژراوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل پشتڕاستی دەکاتەوە "کەسێک بە چەقۆ هێرشیکردووە و ویستوویەتی لە دەروازەی باڵیۆزخانە بچێتە ژوورەوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، پاسەوانێکی باڵیۆزخانەیان لە ئەنقەرە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا برینداربووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل داوای لە ستافی باڵیۆزخانەکەی کردووە، پەناگە بدۆزنەوە و تاوەكو رەوشەکە ئارام دەبێتەوە.

هەر بەگوێرەی میدیا تورکییەکان، شەڕە تەقە لە نێوان پاسەوانانی باڵیۆزخانە و چەکدارەکان روویداوە و یەکێک لە بریندارەکان گوللە بەر قاچی کەوتووە و بە برینداری دەستگیرکراوە.




رووداو
Top