حزبوڵڵا ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە کوشتنی سەرکردەکەی تۆمەتبار دەکات

 حزبوڵڵا ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە کوشتنی سەرکردەکەی تۆمەتبار دەکات
حزبوڵڵای لوبنانی، گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە کوشتنی سەرکردەکەی خۆی تۆمەتبار دەکات.



رۆژی هەینی 13ـی ئایاری 2016، مستەفا بەدرەدین، سەرکردەی دووەمی حزبوڵڵای لوبنانی لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق کوژرا.



حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیاننامەیەکدا رۆژی شەممە 14ـی ئایار رایگەیاند، کە تەقینەوەکە لە ئەنجامی بۆردومانێکی مووشەکیی رووی داوە و بووەتە هۆی کوژرانی مستەفا بەدرەدین.



ئەو حزبە، کە لە سەرەتاکانی شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە بە پشتگیریکردنی رژێمی سووریا، بەشداریی شەڕی ناوخۆیی سووریای کردووە، لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە، کە ”گرووپە تەکفیرییەکان“ بۆردومانەکەیان کردووە، وەک ئاماژەیەک بۆ گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا.



مستەفا بەدرەدین خزمی نزیکی عیماد موغنییە بوو، کە ئەویش یەکێک بوو لە سەرکردە سەربازییەکانی حزبوڵڵا و لە مانگی شوباتی 2008، بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی تیرۆر کرا.



بەپێی زانیارییەکان، مستەفا بەدرەدین تاوانباری سەرەکیی رووداوی تیرۆرکردنی رەفیق حەریری، سیاسەتمەداری لوبنانی و سەرۆک وەزیرانی پێشتری ئەو وڵاتەیە، کە لە ساڵی 2005 بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە بەیرووت، گیانی لەدەست دا.











باسنيوز
Top