نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمەریکا: ئەسەد ٩٠ هەزار سەربازى لەدەستداوە

نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمەریکا: ئەسەد ٩٠ هەزار سەربازى لەدەستداوە
نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمەریکا بۆ شەڕى دژى داعش ڕایگەیاند، ڕژێمى ئەسەد لەسەرەتاى دەستپێکردنى ڕوبەڕوبونەوەکانەوە لە سوریادا نەوەد هەزارسەربازى لەدەستداوە.

برێت مەکگۆرک، نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمەریکا بۆ شەڕى دژى داعش ڕایگەیاند "ڕوسیا بۆپشتگیریکردن لە بەشار ئەسەد هاتونەتە سوریا و ئەوەش هیچ گومانێکى تێدا نیە".

هەروەها ڕاشیگەیاند "هەوڵەکانى ئەمەریکا لەلایەن وەزیرى دەرەوەوە ئەنجام دراوە بۆڕاگرتنى شەڕى سوریا و ئەگەر ئاگربەست شکستبهێنێت ئەوا توندوتیژییەکان دەستپێدەکەنەوە و شەڕى خوێناوى لەنێوان لایەنەکاندا ڕوودەدات".

ئاماژەى بەوەشکرد، بەرپرسانى ئەمەریکا و ڕوسیا کاریگەرى باشیان لە ڕاگەیاندنى ئاگربەستدا هەبووە، بەڵام سوپاى سوریا و فڕۆکەکانى بە پاڵپشتى فڕۆکەکانى ڕوسیا پێشێلکارى لە ئاگربەستەکەدا کردووە و ڕۆژانە چەندین هێرشى کردووەتەسەر شارو شارۆچکەکانى سوریا و بەهۆیانەوە دەیان کەس کوژراون و برینداربوون.

لە مانگى ڕابردوودا ئاگربەستى فراوان لە سەر ئاستى سوریا لە نێوان ڕژێمى سوریا و ئۆپۆزسیۆندا ڕاگەیەندرا و بەڵام پاش ماوەیەک ئاگربەستەکە لە لایەن هەردوولاوە پێشێلکرا و دەیان هاوڵاتى مەدەنى لە شارى حەلەب بە هۆى بۆردومانى فڕۆکەوە گیانیان لەدەستدا.

لەئێستادا هەوڵى ئەمریکا و ڕوسیاش بۆ ئەوەیە ئاگربەست لە سوریا بێتەکایەوە، نێردەى تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروبارى سوریا ئەم هەوڵەشى وەک دواین بژاردە لەبەردەم لایەنەکانى سوریا دەستنیشان کردووە.
Top