ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی: پێویستە هەردوو گرووپی سوپای ئیسلام و ئەحرار شام بخرێتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی جیهانەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی: پێویستە هەردوو گرووپی سوپای ئیسلام و ئەحرار شام بخرێتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی جیهانەوە
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوایەکی رووسیا رەت دەکاتەوە، کە داوای بە تیرۆریست ناساندنی دوو گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای کردبوو.



رووسیا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی جیهانی کردبوو، هەردوو گرووپی سوپای ئیسلام و ئەحرار شام بخرێتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی جیهانەوە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو ئەنجومەنەش، بە تیرۆریست ناساندنی هەر رێکخراوێک پێویستیی بە کۆدەنگیی ئەندامانە.



ئەنجومونەکە لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بە دەنگی هەرچوار وڵاتی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئۆکراینا رەتی کردەوە ئەو دوو گرووپە وەک دوو گرووپی تیرۆریستی بناسرێن.



محەمەد عەلوش، سەرۆکی سوپای ئیسلام، کە گرووپێکی شەڕکەری ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە و دەگوترێ سعودیە پشتگیرییان دەکات، یەکێکە لە دانوستاندنکارانی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ رژێمی سووریا لە کۆنگرەکانی جنێڤ.



لە مانگی ئەیلوولی 2015مەوە، رووسیا بەشداریی شەڕی ناوخۆیی سووریا دەکات، کە لە مانگی ئاداری 2011ـەوە سەری هەڵداوە و بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتیی سووریا و ئاوارەبوونی نزیکەی پێنج ملیۆن هاووڵاتیی دیکە.



سوپای رووسیا ئەوکات رایگەیاند، کە ئامانجیان بۆردومانکردنی بارەگاکانی رێکخراوی توندڕەوی داعشە لە سووریا، بەڵام هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا رایدەگەیەنن، کە فڕۆکە جەنگییە رووسییەکان تەنیا بارەگاکانی نەیارانی رژێمی سووریا بۆردومان دەکەن.



ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی پێکدێت، کە نوێنەرایەتیی وڵاتانی رووسیا، فەرەنسا، چین، بەریتانیا و ئەمریکا دەکەن، لەگەڵ 10 وڵاتی دیکە، کە ئەندامی ناهەمیشەیین و بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک ئەندام لە ئەنجومەنەکە هەڵ دەبژێردرێن و ئێستا ئەو وڵاتانەنە، (ئیسپانیا، ئەنگۆلا، ئۆرۆگوای، ئۆکراینا، ڤەنوێلا، مالیزیا، میسر، نیوزیلەندا، یابان و سەنیگال).




باسنیوز
Top