حکوومەتی فەرەنسا باری نائاسایی درێژ دەکاتەوە

 حکوومەتی فەرەنسا باری نائاسایی درێژ دەکاتەوە
سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، کە باری نائاسایی لە وڵاتەکەی درێژ دەکاتەوە و دەسەڵاتی زیاتر بە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەدرێت.

بەهۆی هێرش و تەقینەوە خۆکوژییەکان لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی 2015 لە شاری پاریسی پایتەخت، حکوومەتی فەرەنسا باری نائاسایی لە وڵاتدا راگەیاندبوو.

مانوێڵ ڤاڵس، سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە 20ـی نیسانی 2016 رایگەیاندووە، لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەوروپا 2016، کە بڕیارە لە فەرەنسا ئەنجام بدرێت، باری نائاسایی بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژ دەکرێتەوە.

مانوێڵ ڤاڵس ئاماژەی بەوە کردووە، کە ناکرێ باری نائاسایی بەردەوام رابگەیەندرێت، بەڵام بۆ ”رووداوێکی وەها گەورە، پێویستە جارێکی دیکە درێژ بکرێتەوە“.

باری نائاسایی دەسەڵاتی زیاتر بە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بۆ گرتن و راوەدوونانی تۆمەتباران دەدات.
Top